گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەردەوامن

K24 – هەولێر:
كۆبوونەوەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ لە هەولێر، بۆ چارەسەری پرسی نەوت و دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بەردەوامن.
رۆژی دووشەممە (13ـی تشرینی دووەمی 2023) فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی دووەمی هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆ دەستپێكردنەوەی ناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جیهان بەڕێوەچوو.
ئەمە لە كاتێكدا رۆژی یەكشەممە (12ـی تشرینی دووەمی 2023) كۆبوونەوەی یەكەم لە نێوان هەردوولا بۆ هەمان پرس بەڕێوەچوو، هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر دەستپێكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و دیاریكردنی میكانیزمەكانی ئەو پرۆسەیە.
رۆژی 25ـی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بە هۆی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا. دوای چەندین كۆبوونەوە و دانوستان لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ لەسەر ئاستی باڵا، هەوڵ دراوە هەناردەکردنەوەی نەوت دەست پێبكاتەوە. دوای جێبەجێكردنی هەموو پابەندییە یاساییەكان لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، تاكو ئێستا دانوستان و هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ناردنی نەوت بەردەوامن.
رۆژی یەکشەممە (12ـی تشرینی دووەمی 2023) شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری گەیشتنە هەولێر و لەلایەن کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) و بەرپرسانی حکومەتەوە پێشوازی لێ کرا.
ئەو شاندەی یاوەری حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵییان دەکرد، پێکهتابوون لە بریکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و بەڕەێوەبەری گشتیى کۆمپانیای سۆمۆ و جێگرەکەی.
دوای گەیشتنی بۆ شاری هەولێر، حەیان عەبدولغەنی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، ئامانج لە سەردانی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەولێر، بەمەبەستی لێکنزیکردنەوەی دید و بۆچوونی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە سەبارەت بە دووبارە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەشیدا، شاندی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی وەزیری نەوتی فیدراڵ لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و تیمەکەی، جەختمان لە دابینکردنی پێداویستی دارایی و تەکنیکیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە زووترین کاتدا کردەوە لەسەر بنەمای دەستوور و گرێبەستەکان کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمدایە."
دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە (25ـی ئاداری 2023)، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان راگیرا و رۆژی یەکشەممە (12ـی تشرینی دووەمی 2023) مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا حەوت ملیار دۆلار زیان بە عێراق گەیشتووە.