ساڵانە زیاتر لە سێ هەزار تۆن گۆشتی ماسی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت

بەرهەمی ساڵانەی گۆشتی ماسی لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ هەزار تۆنە
بەرهەمی ساڵانەی گۆشتی ماسی لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ هەزار تۆنە

K24 - هەولێر

لە هەرێـمی کوردستان، بەرهەمی ساڵانەی گۆشتی ماسی زیاتر لە سێ هەزار تۆنە و ئێستا گەورەترین پرۆژەی ماسی لە پارێزگای دهۆکە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە هەرێمی کوردستان، 412 پرۆژەی مۆڵەتپێدراو هەن کە گۆشتی ماسی بەرهەم دێنن؛ چوار پرۆژەی حکومییش بۆ بەرهەمهێنانی پەنجەماسی هەن.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو پرۆژانە زیاتر لە سێ هەزار هەلیکاریان بۆ دەستی کاری ناوخۆیی ڕەخساندووە کە سەرمایەی پرۆژەکان زیاتر لە 30 ملیار دینارە.

بەرهەمی ماسی لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە سێ هەزار و 500 تۆن ماسییە؛ هەرێمی کوردستان پێویستیی بە نزیکەی 80 هەزار تۆن ماسی لە ساڵێکدا هەیە، تا بگاتە ئاستی خۆبژێوی.

کابینەی نۆیەم لێخۆشبوونی گومرگی بۆ پرۆژەکانی بەرهەمی ماسی دەر کردووە و کارەباکەشیان بە نرخی کارەبای کشتوکاڵی نەك بازرگانی بۆ هەژمار دەكرێت، تاكوو تێچووی بەرهەمهێنانیان لەسەر كەم ببێتەوە و بەرهەم زیاد بكات.

پەرەپێدانی سامانی ماسی و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، بەرنامەی کابینەی نۆیەمە و هەوڵەکان بۆ گەیاندنی بە ئاستی خۆبژێوی لە سامانە جۆربەجۆرەكانی ئاژەڵداری بەردەوامە. بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت بەرهەمهێنانی سامانی ماسی بگەیەنێتە ئاستێكی بەرزتر.

Fly Erbil Advertisment