کاروان ستونی: ناو نووسین بۆ موڕشیدانی حاجیان دەستیپێکرد
K24 - هەولێر
پڕۆسەی ناونووسینی مامۆستایانی ئاینی بۆ سەرپەرشتیکردنی حاجیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی حەج و عومرە دەستی پێکردووە، کە بۆ هەر 150 حاجییەک موڕشیدێکی بۆ دادەنرێت و سەرپەرشتیان دەکات.
کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕیوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە 20 بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافمان هەیە لە هەموو هەرێمی کوردستان، مامۆستایانی ئاینی دەچن سەردانی ئەوێ دەکەن، پشتگیرییەک لەوێ دەهێنن کە پشتراستکرابێتەوە، کە ئەو کەسە مامۆستای ئاینییە و خزمەتی هەیە، ئینجا ئەو پشتگیرییە دەباتە نووسینگەکانی حەج و عومرە، لە هەرچوار پارێزگای هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە و سلێمانی، هەروەها هەر چوار نووسینگەکانی حەج و عومرە لە ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران، زاخۆ و گەرمیان و راپەرین.
گوتیشی: لەوێ ماوەی کەمتر لەیەک خولەکیان پێویستە بۆ ئەوەی ناویان لە کۆمپیوتەر تۆمار بکرێت، مەرجەکانیش بەگشتی ئەوەیە، ئەو مامۆستاییەی ناوی تۆمار دەکات، دەبێت تەمەنی لە 30 کەمتر نەبێت و لە 70 ساڵ زیاتر نەبێت و مەرجە تەندروستییەکانی تێدابێت، هەروەها شارەزای شەرع بێت و لە تاقیکردنەوەی زارەکی دەربچێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر 150 حاجییەک مورشتدێکی بۆ دادەنرێت، بۆ ئەوەی لەشوێنە پیرۆزەکان رێنماییان بکات، دەشڵێت: ئەمساڵ هەوڵدەدەین بە پێی ئەو رێژەیەی بۆمان دیاریکراوە موڕشیدەکان دابنێین، کە پارساڵ 35 کەس بوو لەگەڵ پێنج کەس لە لیژنەی فەتوا، جەختیکردەوە، ئەمساڵ کە داتاکان هات دیراسەی دەکەین، بزانین چەند کەس پێویست دەکات، ئەگەر پێویستی بەزیادکردن بوو، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە لەگەڵ وەزیر بڕیاری لەسەر دەدەن کە رێژەکە زیاد بکرێت.
لە مانگی ئەیلوول ناونووسین بۆ فەریزەی حەجی ساڵی 2024 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و ماوەی دوو هەفتە بەردەوام بوو.
لە ساڵی 2023، 37 هەزار هاووڵاتی عێراق، کە چوار هەزار و 685 ـیان دانیشتووی هەرێمی کوردستان بوون، بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج چوونە سعوودیە. پێستریش شێخ نیاز راغب نەقشەبەندی رایگەیاند: "پشکی ساڵانەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی حەج دیاریکراوە، بۆیە پێشبینی دەکەم بۆ ساڵی داهاتووش نزیکەی چوار هەزار و 685 هاووڵاتیی هەرێم بتوانن حەج بکەن".