ژمارەی کوژراوانی غەززە 14 هەزار و 800 کەسی تێپەڕاند

کەرتی غەززە
کەرتی غەززە

K24 – هەولێر:

نووسینگەی راگەیاندنی حکومی لە غەززە رایدەگەیێنێت، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون گەیشتە 14 هەزار و 854 کەس.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (23ـی تشرینی دووەمی 2023) نووسینگەی راگەیاندنی حکومی لە غەززە ئاشکراشی دەکات، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە گەیشتە 14 هەزار و 854 کەس، هەروەها لە نێو کوژراوەکاندا شەش هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریش ئافرەتن.

نووسینگەی راگەیاندنی حکومی لە غەززە ئاماژە بەوەش دەدات، ژمارەی بریندارەکان بۆ زیاتر لە 36 هەزار کەس بەرزبووەوە، کە سێ بەشیان ژن و منداڵن.

دەشڵێت، زیاتر لە حەوت هەزار کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بێ سەروشوێنن.

زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکداری بزووتنەوەی حەماسی فه‌ڵه‌ستینی بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژراو و زیاتر له‌ هه‌زار برینداریشی لێ كه‌وته‌وه‌، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.

ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە مانگێکە  پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە.

هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 07ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون و 23 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.