پتر له دووملیۆن كهس له غهززه پێویستییان به هاوكاری مرۆیی بەپەلە هەیە
K24 - هەولێر:
بەرنامەی خۆراکی جیهانی بڵاویکردەوە، زیاتر لە دوو ملیۆن و 200 هەزار دانیشتووی کەرتی غەززە پێویستیان بەهاوکاری بەپەلە مرۆیی هەیە بەتایبەتی خواردن و ئاوی پاک.
بەرنامەی خۆراکی جیهانی ئهوهشی خستهڕوو، بەهۆی ئەو گەمارۆ قورسەی ئیسرائیل نزیکەی 50 رۆژە خستووەیەتییە سەر کەرتی غەززە، سەدان هەزار کەس لەخێوەتگەکانی ناوچەکە لەدۆخێکی ناهەموواردان و پێویستیان بەهاوکاریی هەیە، چونکە ئەو خواردن و ئاوەی هەیانە بەهیچ شێوەیەک بەشی پێویستییەکانیان ناکات.
جەختی لەوەشکردەوە، دۆخی خۆراکی کەرتی غەززە لەداڕمانی تەواوەتی نزیکە .
ئهمڕۆ (ههینی 24ـی تشرینی دووهمی 2023) ئاگربهستی نێوان ئیسرائیل و حهماس دهستیپێكرد و بڕیاره چوار رۆژ بخایهنێت.
چوارشەممەی رابردوو بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە غەززە گەیشتنە رێککەوتنێک و ئاگربەستێکیان بۆ ماوەی چوار رۆژ راگەیاند، بەو مەرجەی ئیسرائیل 150 ژن و منداڵ لە زیندانەکانی ئازاد بکات، لە بەرامبەر ئازادکردنی 50 ژن و منداڵی بە بارمتەگیراو لە کەرتی غەززە، هەروەها چوونە ناوەوەی زیاتری یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە.
دوێنێ پێنجشەممە (23ـی تشرینی دووەمی 2023) نووسینگەی راگەیاندنی حکومی لە غەززە ئاشکراشی كرد، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە، بههۆی هێرشهكانی ئیسرائیل گەیشتە 14 هەزار و 854 کەس، هەروەها لە نێو کوژراوەکاندا شەش هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریش ئافرەتن.
نووسینگەی راگەیاندنی حکومی لە غەززە ئاماژەی بهوهش كردبوو، ژمارەی بریندارەکان بۆ زیاتر لە 36 هەزار کەس بەرزبووەوە، کە سێ بەشیان ژن و منداڵن.
گوتبوشی، زیاتر لە حەوت هەزار کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بێ سەروشوێنن.
زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکداری بزووتنەوەی حەماسی فهڵهستینی بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژراو و زیاتر له ههزار برینداریشی لێ كهوتهوه، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە دهستبهسهر كراون.
ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە مانگێکە پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە.
هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 07ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون و 23 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.