کۆنفرانسی "کۆپ28"ــی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا لە ئیمارات بەڕێوەدەچێت

کۆنفرانسی "کۆپ28"ــی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا لە ئیمارات بەڕێوەدەچێت
کۆنفرانسی "کۆپ28"ــی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا لە ئیمارات بەڕێوەدەچێت

K24 - هەولێر

کۆنفرانسی "کۆپ28"ــی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا، رۆژی 30ـی ئەم مانگە بە میوانداری لوتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە بەشداریی کۆمەڵێک لە سەرۆکی وڵاتان و پسپۆڕانی بواری ژینگەیی، لە ئیمارات بەڕێوەدەچێت.

کۆنفرانسی "کۆپ28" کە لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوەدەچێت، لە رۆژی پێنجشەممە، 30ــی ئەم مانگە دەستپێدەکات و تاوەکو 12 مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

کۆنفرانسەکە میوانداری لوتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا دەکات، کە سەرۆک و نوێنەرانی باڵای وڵاتان و سەدان زانا و شارەزای ژینگەیی تێیدا بەشدار دەبن. ئامانجی کۆنفرانسەکە کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەبێت.

گەرمبوون و پیسبوونی بەرگەهەوا و زیادبوونی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمییەکان هەندێک لەو هۆکارانەن، کە وایکردووە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، گۆڕانی کەشوهەوا بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ بناسێنێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دەبێت گەرمبوونی کەشوهەوا 1.5 پلەی سیلیزی کەم بکرێتەوە، لەپێناو ئەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی بۆ سەر ژینگە بە گشتی و تەندروستی مرۆڤ بە تایبەتی کەم بکرێتەوە و ڕێگری لە مردنی ملیۆنان کەس بکرێت.

شارەزایان پێشبینی دەکەن، منداڵان، ژنان، بەساڵاچووان، کۆچبەران و دانیشتووانی وڵاتانی تازە گەشەسەندوو، قوربانی یەکەمی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بن.

بەگوێرەی راپۆرتی پەیمانگای بارسێلۆنا بۆ تەندروستی جیهانی، بەهۆی شەپۆلە گەرماکەی هاوینی ساڵی 2022، زیاتر لە 70 هەزار کەس لە ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە. توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن، کە تا ساڵی 2050 ڕێژەی مردن بەهۆی گەرماوە ساڵانە زیاتر لە پێنج هێندەی ئێستا دەبێت.

هەر بەهۆی گەرمبوونی کەشوهەواوە، رێژەی وشکەساڵیش لە جیهاندا زیاد دەبێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری برسێتی و پێشبینی دەکرێت، تا ناوەڕاستی ئەم سەدەیە، نزیکەی 520 ملیۆن کەس لە جیهان تووشی بەد خۆراکی ببن. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، نزیکەی لەسەدا 99٪ــی دانیشتووانی جیهان هەوای پیس هەڵدەمژن.

چین و ئەمەریکا، بە بەرپرسی یەکەم دادەنرێن لە کاریگەری نەرێنییان بۆ گەرمبوون و پیسبوونی بەرگەهەوای زەوی، ساڵانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە 7 ملیۆن تۆن و چینیش ساڵانە نزیکەی 6 ملیۆن تۆن دووانە ئۆکسیدی کاربۆن دەخەنە بەرگەهەوای زەوییەوە، پێچەوانەی ئەم دوو وڵاتەش، دورگەی سانت هیلینا لە شانشینی یەکگرتوو ساڵانە کەمترین رێژەی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن دەردەدات.