سبەی هەڵبژاردنی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت
K24 - هەولێر:
سبەی پێنچشەممە(30-ی تشرینی دووەمی 2023)، کاتژمێر هەشتی بەیانیی تاوەکو کاتژمێر پێنجی ئێوارە پرۆسەی هەڵبژاردنی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە(29-ی تشرینی دووەمی 2023)، کاروان سورچی گوتەبێژی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، سبەی پێنچشەممە(30-ی تشرینی دووەمی 2023)، لە کاتژمێر هەشتی بەیانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان لەسەرجەم ژوورەکان دەستپێدەکات و تاوەکو کاتژمێر پێنجی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی ئەو شوێنانەی ئاشکرای کرد کە هەڵبژاردنەکەی تێدا بەڕێوەدەچێت، لەوانەش ژووری بازرگانی هەولێر لە هۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، ژووری بازرگانی سلێمانی لە هۆڵی تەلاری هونەر، ژووری بازرگانی دهۆک لە هۆڵی کۆنفرانسی زانکۆی دهۆک و ژووری بازرگانی هەڵەبجە لە هۆڵی لیام .
بڕیارە لە هەڵبژاردنەکاندا 13 ئەندامی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی لە پارێزگای هەولێر، 13 لە سلێمانی، 11 لە دهۆک و 9 ئەندامیش لە پارێزگای هەڵەبجە هەڵبژێردرێن و بە ستافێکی نوێوە کارەکان ببەن بەڕێوە.
دوایین هەڵبژاردنی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە 16-4-2006 ئەنجامدراوە، بڕیارە لە دوای هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەن، سەرۆک و دوو جێگر بۆ سەرۆک لەنێوان ئەندامانی ئەنجوومەن هەڵبژێردرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە(29-ی تشرینی دووەمی 2023)، گەیلان حاجی سەعید بەربژێری ئەندامی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی هەولێر بۆ کوردستان24 ئاماژەی بە پرۆسەی هەڵبژاردنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان کرد و ژووری بازرگانی دامەزراوەیەکی گرنگی وڵات وەسفکرد و گوتی: دوای 17 ساڵ پرۆسەی هەڵبژاردن لە ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی سبەی بەڕێوەدەچێت.
ئەو بەربژێرەی ژووری و بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر یاسای ساڵی 1993 ی پەرلەمانی کوردستان و گوتی: هەڵبژاردنی ژوورەکانی بازرگانی سەرەتا لەنێوان ئەندامەکانی دەبێت، دواتر لەنێو ئەنجوومەنەکەدا سەرۆک و دوو جێگر هەڵدەبژێردرێن پاش ئەوەی ئەنجامی سەرکەوتنی ئەندامەکان و پرۆسەکە راگەیاندرا.
گەیلان حاجی سەعید مەرجەکانی بوونە ئەندامی ئەنجوومەنی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی بۆ هەر بازرگانێک ئاشکرا کرد و گوتی، نابێ بەربژێر لە پێنچ ساڵ کەمتر خزمەتی ئەندامیی هەبێت لە ژووری بازرگانی، ئەگەر بازرگان دەرچووی کۆلیژ بێت، دەتوانێت بە چوار ساڵ وەک ئەندامی ژووری بازرگانی ببێتە بەربژێر، بەرێوەبەری کۆمپانیاکانیش بە سێ ساڵ ئەندام بوون دەتوانن ببنە بەربژێر.
بەربژێرەکەی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئاماژەی بەوە کرد، لەهەر چوارپارێزگا پرۆسەکە بەڕێوە دەچێت و بەپێی یاسای ساڵی 1993، یەک هەفتە کات دادەنرێت بۆ تانە لێدان لە هەڵبژاردنەکە، ئەگەر هیچ تانەیەک نەبێت، ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێ و هەڵبژێردراوی ژووری بازرگانی دەکرێت و لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە، سەرۆک و دوو جێگر هەڵدەبژێردرێن.
گوتیشی: پلانی سەرەکی ژووری بازرگانی لە داهاتوودا ئەوەیە، پاڵپشتی سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بین بۆ پلانە ئابوورییەکانی، هەوڵیش دەدەین لە پلانە ئابوورییەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستان بەشداری بکەین و ببینە پردێکی پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بازرگانان و خاوەنکاران، دەمانەوێ هەمیشە کوردستان وەک ناوەندێکی بازرگانی بەهێز بمێنێتەوە.
گەیلان حاجی سەعید پلانی داهاتووی ژووری بازرگانی و پیشەسازی راگەیاند و گوتی: هاوکار دەبین بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیەتی لە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، ئەرکی ژووری بازرگانییە پەیوەندیەکانی نێوان بازرگانانی کوردستان و جیهان بەهێزتر بکات.
پارێزگاری هەولێر دوێنێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی رایگەیاند، جووڵەی بازرگانی، دەرفەت رەخساندن و زەمینە خۆشکردن بۆ کاری بازرگانی و پیشەسازی، کاری لەپێشینەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، رۆژانە شاهیدی جێبەجێکردنی پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی و، پشتیوانی بەردەوامی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ کاری بازرگانی و پیشەسازی دەدەین".
کارزان حەیدەر