نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی لەسێدارەدانی گەنجێکی کورد لەلایەن ئێرانەوە دەکات

میلاد زوهرەوەند، هاووڵاتیی کوردی رۆژهەڵاتی کورستان لەلایەن ئێرانەوە لەسێدارە درا
میلاد زوهرەوەند، هاووڵاتیی کوردی رۆژهەڵاتی کورستان لەلایەن ئێرانەوە لەسێدارە درا

K24 - هەولێر

نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی لەسێدارەدانی گەنجێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە دەکات و داوا لە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەکات، "بە خێرایی" جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕابگرێت.

دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدانی بەندکراوانی ئێرانی کە مێرمنداڵان و دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ڕابردووشیان لەنێودایە، کاردانەوەی نێودەوڵەتیی بەدوادا هاتووە.

ئۆفیسی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک لە سێدارەدانی میلاد زوهرەوەند، یەکێک لە دەستەسبەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردووی ئێران و هەروەها لەسێداردانی مێرمناڵێکی 17 ساڵەی سەرکۆنە کردووە و داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە "بە خێرایی" لە سێدارەدانی هاووڵاتییان رابگرێت.

لیز تروسل، گوتەبێژی ئۆفیسی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاگەیاندراوەکەیدا داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە، لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا پابەندی بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی بێت. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوانەی لە ئێران لە سێدارەدەدرێن و یەک لەوان میلاد زوهرەوەند، دەستبەسەرکراوی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو، لە سەرەتاییترین مافەکان بۆ دادگایەکی دادپەروەرانە بێبەش بوون.

میلاد زوهرەوەند، هاووڵاتیی کوردی رۆژهەڵاتی کورستان کە ساڵی ڕابردوو لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی چلەی ژینا ئەمینیدا دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو لە شاری هەمەدان لە سێدارە درا.

رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە راگەیاندراوێکدا بە ئاماژەکردن بەوەی میلاد هەشتەمین دەستبەسەرکراوی خۆپێشاندانەکانی کە لە سێدارە دراوە، جەختی کردووەتەوە، ئێران بە شێوەی سیستەماتیک، لە پاش دادگاییەکی نادادپەروەرانە هاووڵاتییانی لە سێدارە دەدات و لە سزای سێدارە وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی خەڵک کەڵک وەردەگرێت.

هەر لە درێژەی کاردانەوەکان وەزارەتی دەرەوەی کەنەداش لە راگەیەندراوێکدا شەپۆلی لەسێدارەدانی هاووڵاتیانی ئێرانی سەرکۆنە کردووە و داوای لە حکومەتی ئەم وڵاتە کردووە، جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی هاووڵاتیان ڕابگرێت.