ئیمامئۆغڵۆ بە تۆمەتی ساختەکردنی بڕوانامەی زانکۆ دادگایی کرا

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی زیندانیکراوی شارەوانیی ئیستانبوڵ کە لە مانگی ئازارەوە بە تۆمەتی گەندەڵی و ساختەکردنی بڕوانامەی خوێندن زیندانی کراوە، ئەمڕۆ دادگاییکراو و داوا کراوە، سزای نزیکەی نۆ ساڵ زیندانی بۆ دەربکرێت.

یەکەم دانیشتنی دادگایی کردنی ئیمامئۆغڵۆ ئەمڕۆ هەینی 12ی ئەیلوولی 2025، لەسەر دۆسیەی ساختەکردنی بڕوانامەی زانکۆ، بە ئامادەبوونی ئۆزگوور ئۆزێل، سەرۆکی جەهەپە بەڕێوەچوو، بەڵام دانیشتنەکە بۆ 20ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دواخرا.

ئیمامئۆغڵو لەبەردەم دادوەر گوتی: هەر چۆنێک بێت بڕیاری زیندانیم بۆ دەردەکرێت و بە زەحمەتیش دەتوانم بەرگری لەخۆم بکەم، ئەمەش دادگایی کردنێکی بێمانایە.

بەر لە کۆتایی دادگاییکردنەکە، داواکاری گشتیی بە تاوانی ساختەکردنی بەڵگەنامەی فەرمی، داوایکرد، سزای هەشت ساڵ و نۆ مانگ زیندانی و قەدەغەی هەموو جۆرە چالاکییەکی سیاسیی بەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵودا بسەپێندرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە لە دوای دەستگیرکردنی لە ئاداری ئەمساڵدا، زانکۆی ئیستانبوڵ بڕوانامەکەی هەڵوەشاندنەوە.

هەروەها دادگا بڕیاریدا لە دانیشتنی داهاتوودا پارێزەرە دەستگیرکراوەکەی ئیمامئۆغڵۆ، کە ناوی محەممەد پەهلیڤانە، ئەویش لەبەردەم دادگا ئامادە بێت.

بەگوێرەی دەستووری تورکیا هەر کەسێک خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری وڵاتەکە کاندید بکات، دەبێت هەڵگری بڕوانامەی زانکۆ بێت، بەڵام ئەگەر داواکارییەکەی داواکاری گشتیی ئیستەنبۆڵ جێىەجێ بکرێت، ئەوکاتە ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ بە تەواوی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بێبەش دەکرێت.

ڕۆژی چوارشەممە 19ـی ئاداری 2025، هێزێکی ئەمنیی تورکیا هەڵیکوتایه‌ سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ و دەستگیریان کرد، هەروەها ڕۆژی 28ـی هەمان مانگ، لەسەر فەرمانی داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ و بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ محەممەد پەهلیڤان، پارێزەری ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی  زیندانیکراوی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ دەرچوو.

 
 
Fly Erbil Advertisment