وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق: حکومەت رژدە لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێـمی کوردستان

كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی هه‌رێم
كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی هه‌رێم

K24 – هەولێر:

وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت حکومەت رژدە لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنه‌وه‌ی نەوتی هەرێـمی کوردستان.

عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق به‌ ئاژانسی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ی راگەیاند، حکومەتی عێراق رژدە لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە و بۆ ئەوە مەبەستە تەواوی هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی پەیوەستن بە سرووشتی رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت.

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەشڵێت، حکومەت دەیەوێت بە شێوەیەکی یاسایی پڕۆسەکە رێکبخات بۆ ئەوەی پەلەبکرێت لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.

پێشتریش ڤیان سه‌بری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاندبوو، به‌هۆی راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، عێراق شه‌ش ملیار دۆلاری زیانكردووه‌.

دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە (25ـی ئاداری 2023)، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان راگیرا، بۆ دووباره‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی، گفتوگۆكان له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق و توركیا له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌.