پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک رێگری لە دامەزراندنی نزیکەی 800 پزیشکی کورد دەکات
دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان لە کەرکووک گردبوونەوە
K24 – کەرکووک
نزیکەی 800 دەرچووی بەشە پزیشکییەکان لە کەرکووک، دژی ئاستەنگ دروستکردن لە فەرمانی دامەزراندنیان گردبوونەوە.
سۆران کامەران پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، لە بەغدا فەرمانی وەزاریان بۆ ئەو پزیشکانە دەرچووە بۆ دامەزراندنیان، بەڵام پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک رێگری لە دەستبەکاربوونیان دەکات.
یەکێک لە پزیشکەکان بەناوی محەممەد بە کوردستان24ی گوت: "لە 24/9/2023، فەرمانی وەزاری دامەزراندنمان دەرچووە، بەڵام پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک دەڵێ، کە ناسنامەی ساڵی 1957یان کەرکووک نییە، کە دەکاتە 66 ساڵ پێش ئێستا، لەکاتێکدا کارتی نیشتمانی و فۆڕمی خۆراک و هەموو شتێکمان کەرکووکە، بەڵام پارێزگاری سەپێنراو دەڵێ، ئەمانە خەڵکی کەرکووک نین".
دەرچووێکی دیکەی بەشە پزیشکییەکانی کەرکووک، دەڵێت: "ئێمە کە ژمارەمان نزیکەی 800 کەسە فەرمانی دامەزراندنمان هەیە، بەڵام پارێزگاری سەپێنراو رێگری لە دەستبەکاربوونمان دەکات".