جیابوونەوەی ساختەی هاوسەران لە عێراق زیادیکردووە

K24 – بەغدا

دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ترسناک بەرۆکی عێراقی گرتووە، ئەویش بەرزبوونەوەی رێژەی تەڵاقی ساختەیە، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، رێژەکەی لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق زۆر بەرزبووەتەوە، ترسناکی دیاردەکە لەوەدایە کە وێڕای جیابوونەوە رووکەشییەکە، گرێبەستی هاوسەرگیرییە شەرعییەکە وەکو خۆی دەمێنیتەوە.

نوور ئەلعوبەییدی، چالاكوانی کۆمەڵی مەدەنی لە بەغدا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو دیاردە پێشێلکردنی مافی ئافرەتانە، جا ئەگەر بێت و منداڵیش لەنێوانیاندا هەبێت، ئەوا لە رووی یاساییەوە هیچ مافێکی یاساییان نییە، بەڵام دیاردەکە لە عێراق زۆر فراوان بووە، جیابوونەوە رووکەشییەکە یا بۆ مووچەی خانەنشینییە یاخود بۆ مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتییە، کە بڕێکی کەمی پارەیە".

چالاکوانێکی دیکە بەناوی مەروە ئەلخەفاجی، دەڵێت: "پڕۆسەی جیابوونەوەی ساختە، پڕۆسەیەکە بۆ وێرانکردنی کۆمەڵگایە، هەروەها پڕۆسەی کڵاوکردنە سەر منداڵەکانیشە، دەبێت چارەنووسی نەوەی داهاتوو چۆن بێت لە سێبەری دایک و باوکێکدا کە لەبەرچاوی منداڵەکانیدا خەریکی فێڵ و تەڵەکە بازیی لەو جۆرەبن".

بە گوتەی شارەزایان، كۆنترۆڵكردنی ئەو جۆرە جیابوونەوانە كارێكی ئەستەمە، بەتایبەتی ماددەیەكی یاسایی نییە ئەو مامەڵەیەی بە تاوان ھەژمار كردبێت. 

مەیسەر قاسم، شارەزایی یاسایی بە کوردستان24ـی گوت: "هیچ دەقێکی یاسایی روون و راشکاو نییە، ئەو دیاردە رێکبخات، کە ئێستا لە عێراق هەیە، ئەویش جۆرێک تەلاقی ناڕاستەقینەیە، هەر بۆیە یەکلا کردنەوەیشی بۆ بڕیاری دادوەر دەمێنێتەوە".

شارەزایانی بواری سیاسیش دەڵێن، رێژەی جیابوونەوەی ساختە بۆ رێژەی هەژاری و ناهۆشیاری کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە، بەتایبەت هەژاری کە مرۆڤ ناچاری ئەو جۆرە کارانە دەکات. چالاکوانانی عێراق دووپاتیان کردوووەتەوە، کە ئەوان دەمێکە لەوبارەیەوە هۆشداری دەدەن، بەڵام کەس گوێیان لێ ناگرێت و ماددەیەکی یاساییش نییە کە بکەرانی ئەو جۆرە مامەڵەیە سزا بدرێن.