ئەمەریکا.. ئەمساڵ 30 منداڵ بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی قازانج نەویستی kids and car safety ، ئەمساڵ لە ئەمریکا تاوەکوو ئێستا 30 منداڵ بەهۆی گەرمای ناو ئۆتۆمبێل گیانیان لەدەستداوە، ساڵانەش 40 منداڵ بەو هۆکارەوە گیان لەدەستدەدەن.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەداوە، 9 لەسەر 10ی قوربانییەکان، منداڵانی خوار تەمەن 3 ساڵن و زۆر جار دایکان و باوکان بەبێ مەبەست، بیریان دەچێت لە کاتی دابەزینیان منداڵەکانیان لەناو ئۆتۆمبێل دەربهێنن.
کۆتا جار کە ڕووداوێکی لەو شێوەیە ڕوویدا، چوارشەممەی ڕابردوو 24ـی ئەیلوول، کاتێک لە گرینسبۆرۆی ویلایەتی کارۆلینای باکوور، باوکێک کچە چوار ساڵانەکەی لەناو ئۆتۆمبێل جێهێشت و بەهۆی گەرماوە کچەکەی گیانی لەدەستدا.
بنکەی پۆلیسی گرینسبۆرۆ ڕایگەیاند، دەرەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەری خستووە، ڕووداوەکە بە ئەنقەست نەبووە، بەڵام لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە هێشتا بەردەوامە، باوکی کچەکە "شیهێم مۆر"، بەتۆمەتی توندوتیژی دژی منداڵان دەستگیرکراوە، بۆ ئەوەی ئازاد بکرێت، پێویستی بە کەفالەتی 250 هەزار دۆلارە.
بەهۆی داخستنی جامەکانی، ناوەوەی ئۆتۆمبێل زۆر بە خێرایی گەرم دەبێت و تەنیا لە 10 خولەکدا، دەکرێت گەرمییەکەی بگاتە ئاستێکی مەترسیدار.