سوڵحی عەشایەری بە 125 ملیۆن دینار لەگەڵ خانەوادەی یەکێک لە کوژراوانی ڕووداوی بەنزینخانەیەکی هەولێر کرا

سوڵحی عەشایەری لە نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە کرا، کە دوو گەنجی عەرەب لە یەکێک لە بەنزینخانەکانی هەولێر کوژران.

ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2025، نوێنەری سەرۆک بارزانی، بە شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی ماوەی دوو مانگە ئەم لیژنەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دروست کراوە، بۆ ئەوە زیاتر گەورە نەبێت، دوێنێ و ئەمڕۆ هەردوو سوڵحەکە کران.

لای خۆیەوە نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: سوڵحە عەشایرەکەی ئەمڕۆ، بە بڕی 125 ملیۆن دینار کرا و تاوانباریش بە گوێرەی یاسا سزاکەی وەردەگرێت و بە هەموو شێوەیەک ڕێگریمان کرد لەوەی کێشەکە ببێتە کێشەیەکی نەتەوەیی و زیاتر گەورە ببێت.

لە لایەکی دیکەوە، نوێنەری یەکێک لەو عەشیرەتانەی سوڵحەکەیان ئەنجامدا، بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەیەک بۆ هەموو هاووڵاتییان و باوەشی بۆ هەموو لایەک کردووەتەوە.

ئێوارەی 6ـی ئابی 2025، لە یەکێک لە بەنزینخانەکانی شاری هەولێر، دەمەقاڵی لە نێوان کارمەندانی بەنزینخانەکە و کڕیارێکی خۆیان دروست دەبێت، بەهۆی ئەو دەمەقاڵییەوە، یەک لە کارمەندانی بەنزینخانەکە بە چەکی کلاشینکۆف، تەقەی لە دوو کڕیاری خۆیان کرد و کوشتیانی، هاووڵاتییەکی دیکەش کە لە نزیک ڕووداوەکە بوو، بەر دەستڕێژی کەوت و ئەویش گیانی لەدەستدا.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment