لە هەولێر چوار تۆمەتباری ڕووداوێکی کوشتن دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش و پۆلیسی هەولێر بکوژانی هاووڵاتییەکەی نزیک بەشە ناوخۆیی شەهید شەوکەت دەستگیرکرد و ئاماژە بەوە کراوە، ویستوویانە بەرەو دەرەوەی هەولێر ڕابکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش و پۆلیسی هەولێر، ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە ڕێککەوتی 28ـی ئەیلوولی 2025، لە شەقامی کەرکووک نزیک بەشە ناوخۆی شەهید شەوکەوت کاتژمێر 11:30ـی خولەکی شەو لە ڕووداوێکی تەقە کردندا هاووڵاتیەک بەناوی، یوسف موحەممەد ڕەشید، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی کوژرا.
لە ڕاگەیەنراوەکە دا هاتووە، دەست بەجێ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش و پۆلیسی هەولێر، بەدواداچوون دەستیپێکرد و لە ماوەیەکی کەمدا ناسنامەی بکوژەکان ئاشکرا کران و تۆمەتبارەکان لە چوار کەس پێکهاتبوون، بەناوەکانی(هـ ، هـ ، هـ) و ( ع ، هـ ، هـ) و ( أ ، هـ ، هـ) و( خ ، ع ، ر) ،هەرورها تۆمەتبارانی ناو هاتو لە شەوی 30ـی ئەیلوولی 2025، لەسەر هەمان کێشە تەقەیان لە هاوڵاتیەکی دیکە کردووە ، بەناوی (دڵشێر محمد) بە سەختی برینداریان کردووە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، تۆمەتبارەکان دوای ئەم دوو تاوانە بەنیازبون بۆ دەرەوەی شاری هەولێر ڕاکەن، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی بازگەکانی هەولێر، لە بازگەی شێراوە سەرجەم تۆمەتبارەکان دەستگیر کران.