كارگێری یانەی هەولێر چارەنووسی عەباس عوبێد یەكلایی دەكاتەوە

عەباس عوبێد راهێنەری یانەی هەولێر
عەباس عوبێد راهێنەری یانەی هەولێر

یانەی هەولێر دوای شكستەكەی گەورەگەی شەوی رابردوو بەرامبەر قوە جەوییە لە بەیانییەوە سەرقاڵی زنجیرەیەك كۆبوونەوەن و دەیانەوێت چارەنووسی عەباس عوبێدی راهێنەر یەكلایی بكەنەوە.
یانەی هەولێر ئەم وەرزە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق بە دۆخێكی خراپ تێپەڕ دەبێت، بە جۆرێك لە كۆی 8 یاری تەنیا 2 سەركەوتنیان تۆمار كردووە و 5 یارییان دۆڕاندووە و لە خانەی شازدەیەمی ریزبەندی دێن.
شكستەكەی یاریی رابردووی هەولێر لە نێو یاریگەی فرانسۆ هەریری بەرامبەر قوە جەوییە ئەوەندی دیكە دۆخی یانە كوردستانییەكەی بەرەو خراپتر برد.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، عەباس عوبێدی راهێنەری یانەی هەولێر هیچ نیەتێكی نییە بۆ ئەوەی دەستلەكاربكێشێتەوە و كارگێری یانەی هەولێریش هێشتا هیچ بڕیارێكی لەبارەی راهێنەرەكەی نەداوە.
عەباس عوبێد سەرەڕای ئەوەی وەكو یاریزان 28 یاریی بە درێسی هەڵبژاردەی عێراق كرد و خاوەنی 8 گۆڵی نێودەوڵەتی بووە، بەڵام پێش ئەوەی بێتە هەولێر هیچ ئەزموونێكی وەكو راهێنەری یەكەم لەگەڵ هیچ یانەیەكی دیاریی عێراق نەبووە، تەنیا وەکو یاریدەدەری راهێنەر لە یانەکانی دهۆک، شورتە، تەڵەبە، مینا، نەفت و زەوڕا کاری کردووە.
عەباس عوبێد لەوەتەی قۆناغی دووەمی خولی نایابی عێراقی وەرزی رابردوو ئەركی راهێنەرایەتی یانەی هەولێری وەرگرتووە، وەرزی رابردوو پلەی شەشەمی ریزبەندی بۆ هەولێر بەدەستهێنا، گرێبەستەكەشی لەگەڵ حیسام فەوزی یاریدەدەری تا كۆتایی ئەم وەرزەیە.

ئەیمەن حوسێن هێرشبەری قوە جەوییە دوای تۆماركردنی گۆڵەكەی بەرامبەر هەولێر 9/12/2023 - یاریگەی فرانسۆ هەریری
ئەیمەن حوسێن هێرشبەری قوە جەوییە دوای تۆماركردنی گۆڵەكەی بەرامبەر هەولێر 9/12/2023 - یاریگەی فرانسۆ هەریری