ئیسرائیل 20 سەربازی خۆی بەهەڵە کوشتووە

K24 - هەولێر

سەرچاوەیەکی سوپای ئیسرائیل بە رادیۆی فەرمی وڵاتەکەی رایگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل لە دەستپێکی هێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە 20 سەربازی خۆی بە هەڵە کوشتووە.

ئاشکراشیکرد، کە دوو لەو سەربازانە کەوتوونەتە ژێر زرێپۆشەکان، دووی دیکەشیان بەهۆی بۆردومانی تانکەکان، هەروەها دووی تر بەهۆی بەرکەوتنی پارچەی تۆپ و یەکێکیشیان بەهۆی گولـلەی وێڵی هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.

بەگوێرەی ئاماری سوپای ئیسرائیل لە دەستپێکی شەڕی غەززە لە 7ی تشرینی یەکەمەوە تائێستا 434 سەربازی ئیسرائیل کوژراون.

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

ئا: لاڤین عومەر