رووسیا: کار لەسەر ئەنجامدانی رێککەوتنێکی گەورە دەکەین لەگەڵ ئێران
K24 - هەولێر
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، رووسیا و ئێران کارەکان لەسەر "رێککەوتنی بازرگانی نوێی گەورە" لە نێوان هەردوو وڵات خێراتر دەکەن.
دوێنێ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، مۆسکۆ و تاران کارەکان لەسەر "رێککەوتنی بازرگانی نوێی گەورە"ـی نێوانیان خێراتر دەکەن، بەڵام وەزارەت چوارچێوەی رێککەوتنەکەی ئاشکرا نەکرد، ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانی و سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات دێت، کە ئەمەریکا بە نیگەرانییەوە سەیری دەکات.
ئاماژە بەوەشکراوە، وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات، سێرگی لاڤرۆڤ و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا رێککەوتن لەسەر خێراکردنی کارکردن لەسەر ئەو رێککەوتنەی کە لە پلەیەکی بەرزی ئامادەییدایە.
هەفتەی رابردوو ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا لە کرێملین لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی هاوتا ئێرانیەکەی ماوەی پێنج کاتژمێر گفتۆگۆیان کرد.
کرێملین مانگی رابردوو رایگەیاند، رووسیا و ئێران کار بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان دەکەن، لەوانەش لە بواری هاوکاری سەربازی و تەکنیکیدا، بەڵام رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو پێشنیارەی کۆشکی سپی بدات کە ئێران رەنگە بیر لە دابینکردنی مووشەکی بالیستیکی بۆ رووسیا بکاتەوە.
دەسەڵاتدارانی ئێران پێشتر رایانگەیاندبوو، کە هاوکارییە سەربازییەکان لەگەڵ رووسیا، رۆژ لە دوای رۆژ فراوانتر دەبێت، مانگی رابردوو رایگەیاند، کە رێکخستنە پێویستەکانی بۆ رووسیا تەواو کردووە بۆ ئەوەی فڕۆکەی جەنگی "سو-35" و کۆپتەری جۆری "می 28" و فڕۆکەی راهێنانی فڕۆکەوانی یاک-130ـی بۆ دابین بکات.