رێبەر ئەحمەد و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە جنێڤ کۆبوونەوە

کۆبوونەوەی رێبەر ئەحمەد و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە جنێڤ
کۆبوونەوەی رێبەر ئەحمەد و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە جنێڤ

K24 – هەولێر:

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە جنێڤ کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئەمنی نێوان تاران و بەغدا کرد.

رۆژی پێنجشەممە (14ـی کانوونی یەکەمی 2023) رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆڕبەندی جیهانی پەنابەران لە جنێڤ، لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووەوە.

لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو)، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران باسیان لە پەیوەندی مێژوویی نێوان عێراق و ئێران کردووە و تاوتوێی زیاتر هەماهەنگی و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات کردووە.

کۆڕبەندی جیهانی پەنابەران 2023، رۆژی چوارشەممە (13ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە شاری جنێڤی سویسرا دەستیپێکرد و تا رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت، شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، به‌ یاوه‌ری ئالان حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌ردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان‌ بەشداری کۆڕبەندەکەن.

لە رۆژی یەکەمی کۆڕبەندەکەدا، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتارێكی پێشکەشکرد و باسی لە دۆخی پەنابەران لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەدا، لە عێراق شانازی بەو دەستکەوتانە دەکەن کە هەرێمی کوردستان بەدەستی هێناوە، هاوکات سەرکەوتووبووینە لە لەخۆگرتنی پەنابەر و ئاوارەکان، جەختیکردەوە، دەستووری فیدراڵی و هەرێمی کوردستان هەماهەنگن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی دیکە لە دەستبەرکردنی مافی پەنابەران لە دابینکردنی ئاسایش و پشتیوانی بۆ مانەوەیان لە عێراقدا.