به‌هۆی كچێك 10 ڕۆژ له فڕۆكه‌خانه مایه‌وه و نانی نه‌خوارد
له ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه ناسیویه‌تی
K24 – هه‌ولێر:
پیاوێكی هۆڵه‌ندی ماوه‌ی "10" ڕۆژ له فڕۆكه‌خانه چاوه‌ڕوانی كچێك ده‌كات، به‌ڵام كچه‌كه ههرنایهت و پاش ئه‌وه دۆخی ته‌ندروستی تێك ده‌چێت و ده‌یگوازنه‌وه بۆ نه‌خۆشخانه.
ڕاگه‌یاندنه ناوخۆییه‌كانی وڵاتی "چین" بڵاویانكردووه‌ته‌وه كه پیاوێكی هۆڵه‌ندی به‌ناوی "ئه‌لیكسه‌نده‌ر پیته‌ر سێرك" ته‌مه‌ن "41" ساڵ، له ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه كچێكی چینی ناسیووه، پیاوه‌كه چووه‌ته فڕۆكه‌خانه‌ی " هوانگوا" له هه‌رێمی "چانگچا" ی چینی، ئه‌و شاره‌ی كه كچه‌كه‌ی لێیه، به‌ڵام كچه‌كه نه‌هاتووه و پیاوه‌كه‌ش ماوه‌ی "10" ڕۆژ له چاوه‌ڕوانیدا ماوه‌ته‌وه و به‌و هۆیه‌وه ته‌ندروستی تێكچووه و گواستویانه‌ته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه.
كچه چینییه‌كه ته‌مه‌نی "26" ساڵه و نازناوی "چانگ"ه، كه هه‌واڵه‌كه‌ی زانیووه ته‌له‌فۆنی بۆ كه‌ناڵی "هۆنان ئێ تیڤی" كردووه و گوتوویه‌تی" پێش دوو مانگ "ئه‌لیكسه‌نده‌ر" م له ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه ناسیووه و نه‌مزانیووه هاتووه بۆ شاره‌كه‌م، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌شم نه‌كردووه بێت بۆ "چانگچا" چونكه من ناتوانم ئێستا له مال ده‌ربچم و بیبینم، به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاریم كردووه و ئێستا كاتێكی له‌بار نییه بۆ ئه‌وه‌ی بچم بۆ بینینی.
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی" له ڕاستیدا تووشی شۆك بووم، كه یه‌كترمان ناسیووه ئامانجمان هاوسه‌رگیری بووه، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك هێدی هێدی مه‌یلی كه‌مببووه‌وه بۆم، به‌ڵام كه ده‌ستمان پێكرد په‌یمانمان بۆ هاوسه‌رگیری بوو.
به‌ڵام به‌لای "سێرك" ه‌وه هیچ شتیك نه‌گۆڕاوه و پاش ئه‌وه‌ی ماوه‌ی "10" ڕۆژ له فڕۆكه‌خانه له چاوه‌ڕوانی هاتنی خۆشه‌ویسته‌كه‌یدا ماوه‌ته‌وه و له‌و ماوه‌یه‌شدا جگه له‌وه‌ی چه‌ند جارێك"مهكرۆنه و خواردنه‌وه گازییه‌كانی خواردووه" هیچ خۆراكێكی دیكه‌ی نه‌خواردووه، تا به‌و دۆخه گه‌یشتووه.
بۆیه هه‌ر سوور بووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و كچه ببینێت و به كه‌ناڵی "ئی تی ڤی" گوتووه" ده‌مه‌وێت ئه‌و كچه‌ی كه خۆشمده‌وێت قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌م و بیبینم، و له‌گه‌ڵ خۆم بیبه‌مه‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆم كه هۆڵه‌ندایه.
به‌ڵام كچه‌كه هه‌ر نه‌هاتووه بۆلای و به ناچاری پاش ماوه‌یه‌ك ،پیاوه هۆڵه‌ندییه‌كه گه‌ڕاوه‌ته‌وه هۆڵه‌ندا.