شڤان عەبدولغەنی: زانیارییەکان لەرێگەی مانگی دەستکردەوە دەنێرینە بەغدا
K24 – هەولێر :
بەرپرسی ئۆفیسی زاخۆی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق رایدەگەیەنێت: زانیارییەکان لە رێگەی مانگی دەستکردەوە بە چەند خولەکێک رەوانەی بەغدا دەکەن، جگەلەوەی بە نووسینگەی پارێزگای دهۆکیش دەدرێت.
ئەمرۆ شەممە ( 16-ی کانوونی یەکەمی 2023)، شڤان عەبدولغەنی بەرپرسی ئۆفیسی زاخۆی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق لەبارەی بەرێوەچوونی پرۆسەکە و ئەنجامەکان بە کوردستان 24 ی راگەیاند: : ئێستا سەرقاڵی ئەوەین زانیاری ئامێری لێکۆڵینەوە دەگوازینەوە بۆ ئامێری بیکۆز، بۆ ئەوەی ئامێری بیکۆز ئەنجامەکان دەربکا و لە رێگەی مانگی دەستکرد رەوانەی بەغدای بکەین، گوتیشی: هەمان ئەنجام بە فلاش دەگەینینە نووسینگەی پارێزگای دهۆک بۆ ئەوەی بگەیەندرێتە بەغدا.
لەبارەی هەژمارکردنی دەنگەکان، بەرپرسی ئۆفیسی زاخۆی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، جگەلەوەی بە ئامێرەکان دەنگەکان دەژمێردرێن، لەگەڵ ئەوەش بە دەستیش ژماردنەکە ئەنجام دەدرێت .
شڤان عەندولغەنی رایگەیاند: بەر لە پرۆسەی هەڵبژاردن، تاقیکردنەوەیان لەسەر ئامێرەکان کردووە و تێیدا سەرکەوتوو بوون، دەشڵێ: تیمەکان پێمان رادەگەیەنن کە زانیارییەکان بە خولەک دەگەیننە بەغدا.
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن لە زاخۆ ئاشکرای کرد ، هیچ کێشەیەک لە پرۆسەی دەنگدان لە زاخۆ تۆمار نەکراوە، ئاماژەی بەوشکرد،
رێژەی بەشداری دەنگدەران لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە کەمپەکان زیاتر بوو لەبەر ئەوەی وێستگەکانی دەنگدا نزیک ماڵەکانی خۆیان بووە، لەگەڵ ئەوەش هیچ کێشەیەک لە لایەنی ئەمنی و هاتن و چوندا نەبووە لە کەمپەکان.
ئەمڕۆ شەممە ( 16 ی کانوونی یەکەمی 2023)، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق جگەلە هەرێمی کوردستان بەرێوەچوو، وا بڕیاریشە رۆژی دووشهمه 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەپێی زانیارییەکانیش زیاتر لە 16 ملیۆن كهس مافی دهنگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی دهنگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه ژمارهیان 214 هەزار و 595 کارمەندە.
رۆژی (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پێنج هەزار و 915 کاندید کێبڕکێ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن کە چوار هەزار و 258 کاندیدیان لە رەگەزی نێرن و هەزار و 657 کاندیدیش لە رەگەزی مێن و لەمیانی پرۆسەی وردبینیکردن و بەدواداچوون، 357 کاندید لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرانەوە.
کارزان حەیدەر