ئاکام محەممەد: گەنجێکی عاشق بە هونەر و ئامێرەکەمم

K24 - هەولێر

میوزیکژەن ئاكام محەممەد، گەنجێکی تەمەن 19 ساڵە و له ساڵى 2026 دەستى بەكارى هونەرى ژەنين كردووه، يەکەم ئامێر كه به كارى هێناوە ئامێری ساز بووە، تاکو ساڵی 2019 و 2020، بە  شێوەیەکى ئەكاديمى پەرەی بە هونەری میوزیک داوە و بووەتە قوتابی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر، دواتر دەستى كردووه به ژەنينى ئامێرەكانى عود، دەف و دەربوكه. لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ کوردستان24ـدا، باسی کارە هونەرییەکانی و پڕۆژەی داهاتووی دەکات.

میوزیکژەن ئاکام محەممەد، باسی هاتنە ناو دونیای هونەری میوزیک دەکات و دەڵێت: من گەنجێکی ئاشقی هونەر و ئامێرەکەمم، له خۆشەويستى مامۆستاكەم دكتۆر جەنگى جەلال و مامۆستا نياز، پالپشتم بوونه و وایان لێم کردووە عاشقی میوزیک بم. ھونەر لە ژیانی مندا خۆشەویستی و خولیایەکی بێ رادەيه، حەز و خولیای زۆرم بۆ ھونەر ھەیە و ئاوات و ئامانجی گەورەمە کە ھونەر ببێتە وانەیەکی گرنگی خوێندنگاکان و گرنگی زۆری پێ بدەن وەکو وانەیەکی رەسمی.

ئاکام محەمەد، باس لە هەژاری میوزیکی کوردی دەکات و دەڵێ: موزیکی کوردی لەڕووی ژێرخانی میوزیکی و گەنجینەی هونەری گۆرانییەوە، یەکێکە لە میوزیکە دەوڵەمەندەکانی دنیای رۆژهەڵات، بەبڕوای من میوزیکی کوردی لەم ڕووەوە هەژار نییە، بەڵام لە رووی شارەزایان و پسپۆرانی میوزیکەوە کەبتوانن ئەم گەنجینە دەوڵەمەند و ناوازەیەی کورد بکەنە پرۆژەی گەورە و شوناسی موزیکی کوردی لە دنیادا پێ بناسێنن زۆر هەژارین، کە دیارە یەکێک لە کێشەکانی میوزیکی کوردی ئەمڕۆ و پێشتریش لە دنیادا ناڕوونی سیماو شوناسی میوزیکی کوردیە، نازانرێت کامە میوزیکی کوردیە، لەبەر نەبوونی پسپۆران و خەمساردی خۆمان زۆرێک لە ژێرخان و گەنجینە میوزیکیەی کە هەمانە زۆر لە وڵاتانی دراوسێ زەفەریان پێبردووە بۆتە شوناسێک بۆ ئەوان، هەر بۆیە زۆرجار کە گوێبیستی موزیکی دراوسێکانمان دەبین هەست بە ئاشنایەتیەکی زۆر دەکەین لەگەڵ میلۆدی و ئاوازەکاندا.

ئەو میوزیکژەنە باس لە بوونی تەکنەلۆجیا دەکات و دەڵێ: لەو کاتەی تەکنەلۆجیا ھاتۆتەوە ناو ژیانی ڕۆژانەمان کاریگەری باش و خراپی ھەبووە، ھەر بەم ھۆیەشەوە چەند ستایلێکی نامۆ درووست بوون لە ناو مۆسیقا دا. ئەمانەیش سەرنجی گەنجانی ھەموو  جیھانی ڕاکێشا و بوون بە ستایلێکی سەردەمیانە، من پێم باشە ئەم ستایلانەش بوونیان ھەبێ، بەڵام نابێ کار بکاتە سەر گۆرانی فۆلکلۆری و لاوک و حەیران و حەیرانۆک و ھۆڕا سیاچەمان و  مۆسیقای ڕەسەنمان، ھەروەھا دەکرێ مۆسیقای کوردی بەشێوەی ئۆرکێستراش ئارێنج بکرێ، بەڵام بەشێوەیەک بێ کە چێژ و ڕەسانەیەتی لەدەست نەدات، ئەمەیش کاری مۆسیقازانێکە کە لە مۆسیقای فۆلکلۆری شارەزایی زۆری ھەبێت و دواتریش لە زانستی مۆسیقا شارەزا بێت بە تایبەت لە ڕووی ھاڕمۆنیزیرنکردن.

ئەو میوزیکژەنە گەنجە ئاماژە بە پڕۆژەی هونەری خۆی دەکات و دەڵێ: پرۆژەم وەکو گەنجێکی بەھرەمەند، حەزی ھونەریم بە ھەموو کەسانی چوار دەورم بەخشیوە، پێم گوتوون ھونەر بەشێکە لە ژیان، ھەموو گۆرانیە کوردیە فۆلکلۆرەکانم دووبارە کردۆتەوە بە شێوەیەکی نوێ، بەڵام بەداخەوه به گشتى هونەر ئەو بايەخه زۆرەى پێنەدراوه كه گرينگترين رۆڵی هەيه له پەروەردەى تاك. بەڵام ئێمه هەر بەردەوام دەبين لە باشتركردنى هونەرەکەمان.