بلومبێرگ: سعوودیە خەریکە دەبێتە "چین"ـی نوێ

K24 - هەولێر

بلومبێرگ لە راپۆرتێکیدا باسی لە رۆڵی سعوودیە کردووە و بە "چینی نوێ" وەسفی دەکات، ئەمەش بەهۆی راکێشانی بازرگانان و ئەوانەی بەدوای هەلی وەبەرهێنانی نوێدا دەگەڕێن.

لە راپۆرتەکەی بلومبێرگدا هاتووە، "زۆربوونی راوێژکارانی دارایی لە هۆتێلەکانی ریازدا بووەتە باو، کە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە پلانێکی چەند تریلیۆن دۆلاری بۆ رزگارکردنی ئابووری وڵاتەکەی لە پشتبەستن بە کەرتی نەوت داناوە".

سعوودیە لە ساڵی 2019ەوە پەیوەندی بە پێوەرەکانی بازاڕە تازەپێگەیشتوەکانی MSCI کردووە، کەمێک لەو ملیارەها دۆلارەی کە وەبەرهێنەرانی پشکەکان بۆ بازاڕەکانی بۆرسەی جیهانی تەرخانیان کردووە راکێشاوە.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، بەشێک لە وەبەرهێنەران بە دیدێکی نوێوە سەیری سعوودیە دەکەن، بەهۆی بەردەوامی رێڕەوی چاکسازییەکان بۆ هاندانی وەبەرهێنانی بیانی و پڕۆژەی گەورە.

فێرگس ئارگیل کە دوو ساڵ لەمەوبەر یارمەتی خستنەڕووی سندوقێکی نوێی بازاڕە تازەپێگەیشتووەکان بۆ کۆمپانیای "EFG New Capital" داوە، دەڵێت: "ئێستا سعوودیە لە چین-ی ساڵانی 2000 دەچێت".

ئەوەش لە رپۆرتەکەی بلومبێرگدا هاتووە، هێشتا سعوودیە بەشێوەیەکی کەم پارێزگاری لە وەبەرهێنەراندا دەکات، هەروەها ئەمساڵ زیاتر لە سێ ملیار دۆلاری دەرەکی راکێشاوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بۆرسەی سعوودیە گەورەترین و زۆرترین سیولەی هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنی گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی جیهانە کە کۆمپانیای ئارامکۆیە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2019دا نزیکەی 30 ملیار دۆلاری لە فرۆشتنی پشکەکانی بەدەستهێناوە.

کێشی سعوودیە لە پێوەرەکانی بازاڕە تازەپێگەیشتوەکانی MSCI بۆ نزیکەی 4.1% بەرزبووەوە، کاتێک لە سەرەتای پێوەرەکەدا نزیکەی 1.5% بووە، چونکە بەرژەوەندی دەرەکی گەشە دەکات و ریازیش هانی زیاتری کۆمپانیاکانی دەدات بۆ ئەوەی بچنە بازاڕەوە.

کۆمپانیا سعوودییەکان لە سەرەتای ساڵی 2022ەوە،  11.5 ملیار دۆلاریان کۆکردۆتەوە، گرنگیدان بە سعوودیە بەهۆی کەمبوونەوەی بەشداریی دەرەکییەکانە لە بازاڕەکانی چین.

راپۆرتەکەی بلومبێرگ ئەوەشی خستەروو، هیندستان وەک یەکێک لە سودمەندە سەرەکییەکانی ئەم گۆڕانکارییە دەرکەوتووە.

هاریش رامان، سەرۆکی سەندیکای بازاڕەکانی سەرمایەی ئاسیا لە سیتی گروپ دەڵێت: "دەبینین وەبەرهێنەرانی ئاسیا زیاتر ئارەزووی بینین و چاوپێکەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشان دەدەن، چونکە وەک سندوقێکی بازاڕە تازەپێگەیشتووەکان دەبێت سەیری هەمەچەشنکردنی وەبەرهێنانەکانت بکەیت".