ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوا دەکات هەنگاوی بەپەلە بنرێت بۆ گەیشتنی هاوکارییەکان بە غەززە

فۆتۆ: رۆیتەرز - ئەرشیف
فۆتۆ: رۆیتەرز - ئەرشیف

K24 – هەولێر

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، پڕۆژە بڕیارێکی پەسەند کرد کە داوا دەکات، هەنگاوی بەپەلە بنرێت بۆ گەیشتنی هاوکارییەکان بە غەززە.

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، لە کۆبوونەوەی رۆژی 22/12/2023، پڕۆژە بڕیارێکی پەسەند کرد کە تێیدا داوای "هەنگاونانی بەپەلە" دەکات، لەپێناو دەستگەیشتن بە هاوکاریە مرۆییە فراوانەکان لە غەززە بەشێوەیەکی سەلامەت و بێ پچڕان.

پرۆژە بڕیارەکە کە ئیمارات لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی پێشکەشی کردووە، لە دوای چوار جار دواخستن و دانوستانی چڕی نێوان وڵاتانی ئەندام، لە دانیشتنی رۆژی هەینی دەنگی لەسەر درا.

دوای ئەوەی پڕۆژە بڕیارەکە خرایە دەنگدان، لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی 13 دەنگی بەڵێی بەدەستھێنا و ئەمەریکا و رووسیاش بێ لایەن بوون.

ئەمە لەکاتێکدایە خەڵکی غەززە لە دۆخێکی سەختدا دەژین و رێکخراوە مرۆییەکان چەندین جار داوایان کردووە کە پەلە بکرێت لە گەیاندنی هاوکارییەکان.

سندووقی منداڵانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونسێف" لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە "منداڵانی تازە ئاوارەبوو لە باشووری کەرتی غەززە لە رۆژێکدا تەنها 1.5 بۆ 2 لیتر ئاو وەردەگرن، کە ئەمەش زۆر کەمترە لەو برەی کە پێویستییانە بۆ مانەوە"، روونیشیکردەوە، بەپێی پێوەرەکانی فریاگوزاری مرۆیی کەمترین بڕی ئاوی پێویست لە بارودۆخی نائاساییدا 15 لیترە، بە ئاوی خواردنەوە و شۆردن و چێشت لێنانیشەوە، هەروەها کەمترین بڕی خەمڵێنراویش بۆ مانەوە تەنها 3 لیترە لە رۆژێکدا.

یونسێف هۆشداریدا لەوەی کە خزمەتگوزارییەکانی ئاو و پاکوخاوێنی لە غەززە لە لێواری داڕماندان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی بەرفراوان لە ئارادایە.

لەلایەکی دیکە عومەر شاکر، بەڕێوەبەری کاروباری ئیسرائیل و فەڵەستین لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، رایگەیاندووە: "زیاتر لە دوو مانگە ئیسرائیل خەڵکی غەززەی لە ئاو و خۆراک بێبەش کردووە، ئەو سیاسەتەش بەمەبەستی برسیکردنی خەڵکی مەدەنییە".

لە 7ی ئۆکتۆبەر 2023، جەنگ لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دەستیپێکردووە، بەگوێرەی دوایین ئامار زیاتر لە 20 هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە کوژراون.

هەروەها بەگوێرەی نوێترین ئاماری سوپای ئیسرائیل، تائێستا 471 سەربازی ئیسرائیلی کوژراون و هەزار 929 سەربازی دیکەش برینداربوونە.