ژمارەیەک لە کارمەندانی پاسپۆرتی سلێمانی لە رۆژانی پشوو دەوام دەکەن

kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی بە مەبەستی كارئاسانی هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەکانیان، لە رۆژانی  پشووی هەینی و شەممە بۆ ماوەی 8 كاتژمێر دەوام دەكەن، تاكو زۆرترین هاووڵاتی سوودمەندبن لە وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەكانیان.

رۆژانی پشوو بۆ کارمەندانی پاسپۆرتی سلێمانی بووەتە رۆژێكی پڕ كار، بۆ بەڕێكردنی كاری ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت لە پشووەكانی سەری ساڵ گەشتی دەرەوەی وڵات بکەن و پاسپۆرتەكانیان وەربگرنەوە.

لانە عەبدولکەریم، 18 ساڵە كارمەندی بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانییە‌، هاوشێوەی هاوپیشەكانی هاتووەتەوە دەوام، زۆربەی كاتەكانیش بەدەر لە دەوامی ئاسایی خۆی كاری كردووە، تاوەكو بتوانێت هاوکاری ئەو هاووڵاتیانە بكات كە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەكە دەكەن، دەڵێت: "دڵسۆزیم بۆ کارەکەم و هاووڵاتییان کە بەشێکیان لەوانەی دێن بۆ پاسپۆرت وەرگرتنەوە نەخۆشن دەیانەوێت بچنە دەرەوەی وڵات، وایکردووە لە رۆژانی پشوو دەوام بکەم".

گوتیشی: "وەک کارمەندانی بەشی پێدانەوە لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی بڕیارمانداوە هەموومان لە رۆژانی پشوو دەوام بکەین و پاسپۆرت بە هاووڵاتییان بدەینەوە".

ئەمساڵ بە ساڵێكی پڕكار و چالاكی بۆ بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی دادەنرێت، لەمساڵدا زیاتر لە 200 هەزار پاسپۆرت  بۆ هاووڵاتییانی سلێمانی و دەوروبەری دەركراوە، ساڵانەش بەشێك لەو پاسپۆرتانەی دەردەچن هاووڵاتییان نایەن وەریبگرنەوە، لە ساڵی 2017 تا  2023، نزیكەی 18 پاسپۆرت لە جۆری ئەی وەرنەگیراونەتەوە، هەروەها 3130 پاسپۆرت لە جۆری بی دەرچوون و هاووڵاتییان وەریان نەگرتووەتەوە، بۆ كارئاسانی وەرگرتنەوەی ئەو پاسپۆرتانەی تەواو بوون، زیاتر لە 50 كارمەند لە بەشی پێدانەوەی پاسپۆرت لە رۆژانی پشوودا دەوام دەكەن.

سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە کوردستان24ی گوت: "وەک ئەرکێکی نیشتمانی ئەفسەر و کارمەندانمان بڕیاریانداوە لە رۆژانی پشوو بێنەوە دەوام، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتییانەی پاسپۆرتەکانیان تەواو بووە بێن وەریبگرنەوە".