100 رۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس، کێبڕکێی سەختی دیموکرات و کۆمارییەکان

تەنیا 100 رۆژ بۆ هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا ماوە. پێگەی هەواڵیی "ئەکسیۆس" (Axios) لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە دۆخی ناو ئەنجوومەنی نوێنەران زیاتر لە بەرژەوەندیی دیموکراتەکاندایە، بەڵام نەخشەی دابەشبوونی بازنەکانی دەنگدان هێشتا دەرفەتێکی باش بە کۆمارییەکان دەبەخشێت. ئەم هاوسەنگییە لە ئەنجوومەنی پیرانیشدا بە هەمان شێوەیە و تەنانەت لەوێدا کۆمارییەکان خاوەن باڵادەستییەکی جوگرافیی زیاترن.

یەکەم: ئەنجوومەنی نوێنەران (ئێستا: 218 کۆماری، 212 دیموکرات، 1 بێلایەن، 4 کورسی بەتاڵ)

بۆچی دیموکراتەکان گەشبینن؟

دوایین راپرسیی کەناڵی "فۆکس نیوز" نیشانی دەدات کە دیموکراتەکان بە رێژەی 7% لە پێش کۆمارییەکانەوەن. هاوکات پەرۆشییەکی زۆر لە ناو دەنگدەرانی دیموکراتدا بەدی دەکرێت؛ بە تایبەت کە کاندیدەکانی ئەم حزبە لە هەڵبژاردنە ناوبەناوەکاندا ئەنجامێکی زۆر باشترن لە کامالا هاریس کاندیدی سەرۆکایەتی 2024 تۆمارکردووە، کە ئەمەش کۆمارییەکانی لە پشت پەردەوە تووشی نیگەرانی کردووە.

گەرچی رێژەی هەڵاوسان کەمێک دابەزیوە، بەڵام لە ماوەی دوو ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتیی نوێی ترەمپدا نرخەکان بە توندی بەرزبوونەتەوە؛ بەتایبەت نرخی بەنزین کە گەیشتووەتە 4 دۆلار بۆ هەر گالۆنێک. دیموکراتەکان سوود لەم دەرفەتە وەردەگرن و بە روونی گرانیی بەنزین دەبەستنەوە بەو جەنگە ناپەسند و بێزارکەرەی کە ترەمپ دژی ئێران بەرپای کردووە.

بۆچی کۆمارییەکان بە وریاییەوە ئومێدەوارن؟

گۆڕانکاری لە جوگرافیای بازنەکانی دەنگدان لە 9 ویلایەتدا، دەکرێت ببێتە هۆی مسۆگەرکردنی 6 تا 9 کورسی نوێ بۆ کۆمارییەکان بەتایبەت لەو ناوچانەی کە زۆرینەی دانیشتووانیان بە رەچەڵەک ئیسپانیین. کۆمارییەکان زۆر دڵخۆشن بە دەرەنجامی ئەم گۆڕانکارییە جوگرافییانە لەم ساڵەدا.

ئێستا 23 کاندیدی دیموکرات لەو بازنانەی دەنگداندا رکابەری دەکەن کە لە ساڵی 2024دا دەنگیان بە ترەمپ دابوو، لە بەرامبەردا تەنیا 8 کاندیدی کۆماری هەن کە نوێنەرایەتی ئەو بازنانە دەکەن کە کامالا هاریس تێیاندا سەرکەوتوو بوو.

ئایۆوا؛ گۆڕەپانی سەرەکیی یەکلاکردنەوەی شەڕەکە

رێگای دیموکراتەکان بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکان و کۆنترۆڵکردنی بڕیار لە ئەنجوومەنەکەدا، بە ویلایەتی ئایۆوادا تێپەڕ دەبێت. ئەم ویلایەتە بەهۆی هەڵاوسانی نرخەکان بەتایبەت بەپیتکەرە کشتوکاڵییەکان و گازۆیل و باجە تۆڵەسێنەکانی ئێران، زیانێکی زۆری پێگەیشتووە. ئەگەر دیموکراتەکان بتوانن 2 یان 3 کورسی لە کۆی 4 کورسییەکەی کۆمارییەکان ببەنەوە، شەوێکی نایاب دەبێت بۆیان، بەڵام ئەگەر کۆمارییەکان سەرجەم کورسییەکانیان بپارێزن، زۆر ئەستەم دەبێت دیموکراتەکان زۆرینە بەدەست بهێنن.

دووەم: ئەنجوومەنی پیران (ئێستا: 53 کۆماری، 45 دیموکرات، 2 بێلایەنی هاوپەیمانی دیموکراتەکان)

بۆچی دۆخی جوگرافی لە بەرژەوەندیی کۆمارییەکان دایە؟

گەرچی بارودۆخی گشتیی ئەمریکا بۆ کۆمارییەکان نالبارە، بەڵام نەخشەی هەڵبژاردنی ویلایەتەکان تەواو لە بەرژەوەندیی ئەواندایە. دیموکراتەکان پێویستیان بە گۆڕینی هاوسەنگیی 4 کورسی هەیە، کە دەبێت لانی کەم دووانیان لەو ویلایەتانە بن کە هەمیشە لایەنگری سەرەکیی کۆمارییەکان بوون.

چەک شومەر، رێبەری دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران، هەوڵێکی زۆری دا بۆ کاندیدکردنی کەسایەتیی بەهێز، بەڵام لە ویلایەتی مەین خراپترین پێشبینییەکانی هاتە دی؛ دیموکراتەکان ناچار بوون ترۆی جاکسۆنی بێ ئەزموون کاندید بکەن دوای پاشەکشەکردنی کاندیدە پۆپۆلیستەکەی پێشوویان. لە بەرامبەردا، سۆزان کۆلێنز، پاڵێوراوی کۆمارییەکان خاوەن پاڵپشتییەکی دارایی بەهێزە و خەڵکی ناوچەکەش بە چاکی لە کارەکانی دەزانن بۆ دابینکردنی بودجەی دروستکردنی کەشتی، نەخۆشخانە گوندنشینەکان و وێستگەکانی ئاگرکوژێنەوە.

ئەگەر دیموکراتەکان کێبڕکێی ویلایەتی مەین بدۆڕێنن، پێویستیان بە سەرکەوتنی گەورە دەبێت لە سێ ویلایەتی تردا کە تێیدا ترەمپ بە جیاوازیی گەورە براوە بووە، وەک ئۆهایۆ، شێرد براون و ئالاسکا، ماری پێڵتۆلا. هاوکات دەبێت چاوەڕێی موعجیزە بن لە ویلایەتەکانی تەکساس و ئایۆوا، بە تایبەتی ئەگەر کێبڕکێی ویلایەتی میشیگانیش بدۆڕێنن.

میشیگان؛ کێبڕکێی یەکلاکەرەوەی ناوخۆی دیموکراتەکان

میشیگان شایەتی کێبڕکێیەکی توند دەبێت لە نێوان پاڵێوراوی میانڕەوی دیموکراتەکان هالی ستیڤنس و ئەندامی چەپڕەوی ناڕازی عەبدولسەید. ستیڤنس لە رووی داراییەوە پاڵپشتییەکی بێوێنەی هەیە 50 ملیۆن دۆلار بەرامبەر تەنیا 1 ملیۆن دۆلاری رکابەرەکەی، بەڵام سەرەڕای ئەمەش راپرسییەکان دەریدەخەن کە کێبڕکێکەیان زۆر هاوسەنگ و یەکسانە.

بەشێک لە سەرکردە دیموکراتەکان پێیان وایە کە عەبدولسەید کە لە لایەن ئەسکەندەریا ئۆکاسیۆ کۆرتێزەوە پشتگیری دەکرێت خاوەن بیروباوەڕی زۆر چەپڕەوە و ناتوانێت لە هەڵبژاردنی گشتیدا لە بەرامبەر کۆمارییەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. ئەم کێبڕکێیە وەک تاقیکردنەوەیەکی سەرەکی سەیر دەکرێت بۆ پێگەی سیاسیی ئۆکاسیۆ کۆرتێز (AOC) کە چاوی لەوەیە لە ساڵی 2028دا خۆی بۆ ئەنجوومەنی پیران یان سەرۆکایەتیی ئەمریکا کاندید بکات.