ئێران داوا دەکات عێراق 11 ملیار دۆلار قەرزی هاوردەکردنی گازی بۆ بگەڕێنێتەوە

راپۆرتێکی میدیایی ئاشکرای دەکات، کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای گەڕانەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی بە بڕی 11 ملیار دۆلار لە عێراق دەکات، کە پێشتر لە بەرامبەر هاوردەکردنی گازی ئێرانی بە درێژایی ساڵان لەسەر بەغدا کۆبووەتەوە.

یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، کەناڵی "الحرة" لە زاری دوو سەرچاوەی عێراقییەوە بڵاوی کردەوە، عێراق بەهۆی سیستەمی سزاکانی ئەمریکا لەسەر تاران و کۆتوبەندە بانکییەکانەوە، رووبەڕووی قورسییەکی زۆر دەبێتەوە لە دانەوەی قەرزەکانی ئێران بە نەختینە و بە دراوی دۆلاری ئەمریکی.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئێران داوای گەڕانەوەی 11 ملیار دۆلار قەرزی هاوردەکردنی گاز لە عێراق دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە لە ماوەکانی رابردوودا،  بەهۆی بلۆککردنی ئەو پارەیە و رێکارە داراییەکان، بەغدا نەیتوانیبوو ئەو پارەیە بۆ تاران بگەڕێنێتەوە.

بە پێی زانیارییەکانی سەرچاوەکان، بەغدا لە بەرانبەردا پێشنيازی کردووە بڕی یەک ملیار دۆلار بە سعوودییە بدات بۆ داپۆشینی خەرجییەکانی حاجییانی ئێرانی، بەڵام تاران ئەم پێشنیازەی رەت کردووەتەوە و پێداگری کردووە کە دەبێت قەرزەکان بە شێوازێکی راستەوخۆ رادەستی خۆی بکرێن.

میکانیزمی بەکارهێنانی پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە بەغدا بۆ دابینکردنی خەرجییە مرۆییەکان یان خزمەتگوزارییەکانی وەک حەج پێشتر بەکارهێنراوە بۆ ئەوەی پێکدادانی راستەوخۆ لەگەڵ سزاکانی ئەمریکادا روونەدات. 

عێراق بۆ ماوەی چەندین ساڵە بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا پشت بە گاز و کارەبای ئێران دەبەستێت، لە کاتێکدا واشنتن فشار دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئەم پشتبەستنە. هەروەها لێخۆشبوونە داراییەکانیش لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە هەڵوەشێنراونەتەوە، ئەمەش رێککەوتنە داراییەکانی نێوان بەغدا و تارانی زیاتر ئاڵۆز کردووە.