شەڕی غەززە.. لەماوەی چوار رۆژدا نزیکەی 50 سەربازی ئیسرائیل کوژراون
K24 - هەولێر
کەتیبەکانی قەسام باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، لەماوەی چوار رۆژی رابردوو، 48 سەربازی ئیسرائیلیان کوشتووە و 35 ئامێری سەربازیشیان لەناوبردووە.
کەتیبەکانی قەسام لە بەیاننامەیەکدا لە پلاتفۆرمی تێلێگرام بڵاوی کردەوە، چەکدارانی قەسام لەماوەی چوار رۆژی رابردوودا توانیوویانە 35 ئامێری سەربازی سوپای ئیسرائیل لەناو ببەن، جەختیشیکردەوە، 48 سەربازیی سوپای ئیسرائیلییان کوشتووە و بەدەیانی دیکەشیان بریندار کردوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "چەکدارانی قەسام 24 ئەرکی سەربازییان جێ بەجێکردووە، کە بەمووشەک و بۆمبی چێندراو هێزەکانی ئیسرائیلییان کردووەتە ئامانج.
هەر لەبەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، "قەناس بەدەستەکانی قەسام لەشەش کردەی جیاوازدا سەربازانی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج، هەروەها بارەگاکان و ژوورەکانی فەرماندەیی مەیدانییان لە سەرجەم بەرەکانی شەڕ لە کەرتی غەززە بۆردومان کردووە".
قەسام ئاماژەی بەوەدا کە چەکدارەکانی "شاری تەلئەڤیڤیان لە ئیسرائیل مووشەک باران کردووە".
سوپای ئیسرائیل کوشتنی ئەفسەرێکی ریزەکانی لەکاتی شەڕەکانی باکووری کەرتی غەززە راگەیاند، بەمەش ژمارەی کوژراوان لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا گەیشتە 15 کەس.
بەپێی زانیارییەکانی دەسەڵاتدارانی کەرتی غەززە و نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوای هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری رابردوو، سوپای ئیسرائیل شەڕێکی وێرانکەری بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە، کە تا رۆژی یەکشەممە 24-12-2023، 20 هەزار و 424 کوژراو و 54 هەزار و 36 برینداری لێکەوتووەتەوە، کە زۆربەیان منداڵ و ژنن،