هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل ئاشکرا کرا

K24 - هەولێر

راپۆرتێکی کەناڵی 12ـی عیبری ئاشکرایکردووە، لە سەرەتای شەڕی غەززەوە، ئەمەریکا بە 244 فڕۆکە و 20 کەشتی، زیاتر لە 10 هەزار تۆن چەک و کەرەستەی سەربازییان گەیاندووەتە ئیسرائیل.

لە راپۆرتەکەی کەناڵی 12ـی عیبری هاتووە، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل، چەکی زیادەی بە بەهای 40 ملیار شیکل کە دەکاتە دوو ملیار و 800 ملیۆن دۆلار لە ئەمەریکا کڕیوە.

راپۆرتەکەی کەناڵی عیبری راشیگەیاند، هەموو کەرتەکانی بەرهەمهێنانی پیشەسازییە سەربازییەکانی ئیسرائیل بە درێژایی کاتژمێرەکان کاردەکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل، بەهۆی شەڕی بەردەوامی کەرتی غەززە.

ئەم راپۆرتە تەلەفزیۆنییە لە دوای لێدوانێکی ئەندامی لیکود لە کنێست، تالی گۆتلیف دێت، کە لە دیدارێکی ئەم دواییەی لەگەڵ ئەندامانی پارتەکەی، گوتبووی: لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا بەهۆی تۆپبارانکردنی باشووری غەززە، بە شێوەیەکی بەرچاو کەرەستەکانیان کەمیکردووە.

هەروەها راپۆرتەکە باسی لەوەشکردووە، سوپای ئیسرائیل سەرقاڵی ئەوەیە پەیرەوی سیاسەتی "ئابووری چەک" بکات واتا سیاسەتی پاراستنی تەقەمەنی بۆ دڵنیابوون لەوەی کە تەواو نابێت لە بەردەوامی شەڕەکەی غەززە.

بەپێی زانیارییەکانی دەسەڵاتدارانی کەرتی غەززە و نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوای هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری رابردوو، سوپای ئیسرائیل شەڕێکی وێرانکەری بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە، کە تا رۆژی یەکشەممە 24-12-2023، 20 هەزار و 424 کوژراو و 54 هەزار و 36 برینداری لێکەوتووەتەوە، کە زۆربەیان منداڵ و ژنن،