داوا دەکرێت دوو نوێنەری پێکهاتەکان بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی بکەن
K24 – هەولێر
پێکهاتەکانی کوردستان داوا دەکەن، دوو کەس وەک نوێنەری ئەوان بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی بکەن، کە بۆ بڕیاردان لەبارەی سکاڵاکان دژی کورسی کۆتاکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق، لەبارەی سکاڵاکان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە، نوێنەری پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیانەکانیش داوایان کردووە کە بەشداری لە کۆبوونەوەکە بکەن، بۆ ئەوەی داکۆکی لە مافەکانیان بکەن.
محەممەد سەعدەدین سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئێستا ئێمە لە بەغداین کەمێکی دیکە دەگەینە دادگای فیدراڵی لەوێ داواکاری پێشکەش دەکەین، بۆ ئەوەی وەک نوێنەری راستەقینەی پێکهاتەکان لە دانیشتنەکە بەشدار بین و بەرگری لە مافی پێکهاتەکان بکەین، هەوڵدەدەین ئەو سکاڵایە رەتبکرێتەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە دوو سکاڵا لە دژی کورسی کۆتاکان و شێوازی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمارکراون.
سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.
بەگوێرەى مادەى 36ـی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پێنج کورسیی کۆتا لە پەرلەمانى کوردستان بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێن، لەگەڵ یەک کورسی بۆ پێکهاتەى ئەرمەن، هەروەها پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان.
ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.