کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رەتیدەکاتەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابکەوێت

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری رێوشوێنەکان و مەشق لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رەتیدەکاتەوە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابکەوێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (27ـی کانوونی یەکەمی 2023) داود سەلمان، بەڕێوەبەری رێوشوێنەکان و مەشق لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رەتیدەکاتەوە کە هەڵبژاردنی  پەرلەمانی کوردستان دوابکەوێت یان لێدوانی لەو جۆرەی دابێت.

ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەدا، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پێشتر لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە و خشتەی کاری هەڵبژاردنی پەرلەمانیان بۆ 25/2/2024 پەسەند کردووە، لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە دەبێت جارێکی دیکە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆببنەوە.

رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024) وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان.

دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەشکرد، دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکانی لەسەرە و بە راوێژ لەگەڵ هەموو لایەنەکان، رێککەوتوون لەسەر دیاریکردنی ئەو رۆژە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.