ئەمساڵ زیاتر لە حەوت ملیۆن گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە

دیمەنێکی هاوینەهەواری بێخاڵ لە سنووری قەزای رواندز - ئەرشیف
دیمەنێکی هاوینەهەواری بێخاڵ لە سنووری قەزای رواندز - ئەرشیف

K24 - هەولیر

بەپێی داتاکانی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، لە 11 مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە حەوت ملیۆن گەشتیار و سەردانیکار، سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

ئییراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: "لە ساڵی 2022، شەش ملیۆن و 35 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو، لە ساڵی2023 ژمارەکە زیادیکردووە و لە ماوەی 11 مانگدا زیاتر لە حەوت ملیۆن 500 هەزار گەشتیار و سەردانیکار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانیان کردووە.

گوتیشی: "ئەو گەشتیارانە پێکهاتوون لە گەشتیاری ناوخۆیی، گەشتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، هەروەها ئەو گەشتییارانەی پێیان دەگوترێت گەشتیاری نێودەوڵەتی، لە دەرەوەی عێراقەوە دێن".

گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەشدا: "بە بەراورد بە تەواوی ساڵی 2022، ساڵی 2023 رێژەکەی زیاتربووە".

راشیگەیاند: "لەڕووی هۆتێل لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر بنکەی گەشتیاریمان هەیە، 462 هۆتێل و 280 مۆتێل، زیاتر لە هەزار رێستورانت و کافتریا، ئەوانەی کە خزمەتگوزاری گەشتیاری پێشکەش دەکەن، لەگەڵ 80 کۆمەڵگەی گەشتیاری. هەموو ئەو شوێنانەی لە هەرێمی کوردستان خزمەتگوزاری گەشتیاری پێشکەش دەکەن، بریتین لە سێ هەزار و 100شوێن، واتە هەم شوێنی سرووشتی گەشتییارییەکان هەمیش بنکەی گەشتییارییەکان، کە مەبەستمان لێیان هۆتێل، رێستوڕانت و کافتریا و بنکە گەشتییارییەکانە".

ئییراھیم عەبدولمەجید، ئەوەشیخستەڕوو: "لەڕووی خزمەتگوزارییەوە ئێمە هەموو هەوڵێکمانداوە پێداویستی پڕبکەینەوە، کە دیارە ئەم سێکتەرە هێشتا پێویستی بە کارکردنی زیاتر هەیە، ئەوەی ئێستاش هەیە دڵخۆشکەرە و گەشبینین بەوەی لە ساڵی داهاتوودا بتوانین زۆرترین خواست و پێداویستی گەشتیاران پڕبکەینەوە".

ئا: لاڤین عومەر