ژمارەی کوژراوانی شاری بێلگۆرۆد بەرزبووەوە

K24 - هەولێر

پارێزگاری شاری بێلگۆرۆد رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی هێزەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر شاری بێلگۆرۆد 22 کەس کوژران.

ڤیاچێسلاڤ گلادکۆڤ، پارێزگاری شاری بێلگۆرۆد لە کەناڵی تێلێگرامی خۆی، سەرەخۆشی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان کرد و گوتی: بە داخێکی زۆرەوە، دوای بۆردومانەکەی دوێنێی شاری بێلگۆرۆد، ژمارەی کوژراوان بەرزبووەوە و گەیشتە 22 کەس.

گلادکۆڤ ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆی 109 بریندارانی هێرشەکە 25 کەسیان دۆخی تەندروستییان سەختە و بەنیازن بیانگوازێتەوە بۆ نەخۆشخانە فیدراڵیەکان.

گلادکۆڤ گوتیشی: لە ئەنجامی بۆردومانەکەی ئۆکرانیادا 30 باڵەخانەی نیشتەجێبوون و 381 شوقە و ژمارەیەک ماڵی تایبەت و چەندین ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە.

دوێنێ شەممە، 30-12-2023، وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، هێزەکانی کیێڤ بە مووشەک و بۆمبی کلاستەر هێرشێکی چڕیان کردە سەر شاری بێلگۆرۆدی رووسیا.

روونیشیکردووەتەوە، هێزەکانی ئۆکرانیا هەوڵیانداوە بە تەقەمەنی موشەکی "ڤیلخا" و مووشەکی "ڤامپایری" چیکی هێرش بکەنە سەر بێلگۆرۆد، سیستەمی بەرگری ئاسمانی رووسیا زۆربەی ئامانجەکانی ئۆکرانیایان تێکشکاندووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش چەندین تۆپ و مووشەک بەسەر شارەکەدا کەوتوونەتە خوارەوە.