ئیبراهیم غازی یانە دڵخوازەكەی لە کوردستان و عێراق ئاشكرا دەكات

ئیبراهیم غازی هێرشبەری یانەی حدوود
ئیبراهیم غازی هێرشبەری یانەی حدوود

ئیبراهیم غازی هێرشبەرە كوردەكەی یانەی حدوود لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتی كوردستان24 ئاشكرای دەكات دوو یانەی خولی ئەستێرەكانی عێراق پەیوەندیان پێوەكردووە، دەشڵێت: لە كوردستان یانەی هەندرێنم لە هەمووان زیاتر خۆشتر دەوێت.
ئیبراهیم غازی ئەم وەرزە لەگەڵ یانەی حدوود 8 گۆڵی لە خولی ئەستێرەكانی عێراق تۆمار كردووە و پلەی سێیەمی ریزبەندی گۆڵكارانی خولەكەی گرتووە.
ئیبراهیم غازی یاریزانە كوردەكەی دۆڵی رۆست و باڵەكایەتی پێشتر لە یانەی سۆران دەستی بە یاریكردن كردووە، پاشان پەیوەندی بە یانەكانی هەڵۆ و دهۆكیش كردووە، پێش ئەوەی پەیوەندی بە یانەی حدوودیش بكات بۆ ماوەی وەرزێك لە خولی نایابی عێراقی یاریی بۆ یانەی نەورۆز كردووە.
ئیبراهیم غازی دوای وەستانی خولی ئەستێرەكانی عێراق بۆ بەسەربردنی پشووەكانی گەڕاوەتەوە و سۆران و لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتی كوردستان24 رایگەیاند بەشێوەیەكی نافەرمی یانەكانی دهۆك و نەجەف پەیوەندییان پێوەكردووە.
كورە كوردەكەی حدوود گوتیشی: لە هیچ ركابەرێكم ناترسم و متمانەم بەخۆم هەیە ببمە گۆڵكاری ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق، تەنیا پیشەگەرە سوورییەكەی یانەی نەفتی میسان عەلائەدین دالی بە ركابەری خۆم دەزانم.
ئیبراهیم غازی لە وەڵامێكی دیكەی كوردستان24 ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە زۆر لە یانەی حدوود ئاسوودەیە و راهێنەر و یاریزانەكان زۆر هاوكاری دەكەن، دەشڵێت: لە یانەی حدوود متمانەی جێبەجێكردنی لێدانی پێناڵتیان پێبەخشیوم و زۆر پشتگیریم دەكەن.
ئەستێرە كوردەكەی حدوود ئاشكرای كرد لە منداڵییەوە هاندەری یانەی زەورا بووە و ئەو یانەیەی لە هەمووان زیاتر خۆشویستووە، دەشڵێت: لە كوردستانیش هاندەری یانەی هەندرێنم و ئەو یانەیەم خۆشدەوێت.

Fly Erbil Advertisment