عەزام حەمدانی: پێویستە کەرکووك بۆ هەموو لایەنێک بێت

K24 – هەولێر:
سیاسەتمەدارێك، دەڵێت: ژمارهی كورسییهكان و رێككهوتن دهبێته پێوهر بۆ وهرگرتنی پۆستهكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک. گوتیشی: بهرهی عهرهبی نایهوێت پۆستی پارێزگار لهدهستبدات.
عەزام حەمدانی، سیاسەتمەدار، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "کەرکووک شاری قەیران و پێکهاتەی ئاڵۆزی سیاسییە، ئێمە هەمیشە دەمانەوێت گفتوگۆ بکەین لەگەڵ لایەنەکان بە تایبەتی لەگەڵ کورد و تورکمانەکان تەنانەت کریستیانەکانیش لە دیاریکردنی نەخشەی سیاسی کەرکووک".
ئەو سیاسەتمەدارە دەڵێت: ئ"ێمە وەکو عەرەب هەوڵدەدەین و دەمانەوێت لە رێگەی نوێنەرەکانمانەوە بچینە نێو گفتوگۆیەکی سیاسی هاوبەش لە کەرکووکدا، کەرکووک پارێزگایەکی گرنگە بۆیە پێویستە هەموو لایەک گفتوگۆ بکەن بۆ ئەویە بگەنە دەرەنجام".
عەزام حەمدانی، باسی لەوەکرد، زمانی کورسییەکانی هەڵبژاردن و زمانی براوەکان بڕیاردەدات کە پارێزگاری کەرکووک بۆ کێ دەبێت، هەروەها زمانی رێککەوتنی سیاسیش لە ژوورە تاریکەکەکانیش زۆر جار شتەکان یەکلایی دەکاتەوە.
ئەو سیاسەتمەدارە، گوتی: کورد داوای پارێزگاری کەرکووک دەکات، بەڵام بهرهی عهرهبیش نایهوێت پۆستی پارێزگاری کەرکووک لهدهستبدات.
گوتیشی: رێککەوتن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گرنگە، هەروەها دانانی پارێزگاری كهركووك خاڵی جیاوازی لایهنهكانه.
رۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەشبوون لە دەنگدان.
رۆژی سێشەممە (19ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی لایەنەکانی لە ئەنجوومەنی پارێزگاکان راگەیاند و لە کەرکووک لایەنە کوردییەکان زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.
دوای 18 ساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک بەڕێوەچوو، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2005 و رووداوەکانی 16ـی ئۆکتبەرەوە، بووە یەکەم هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە شارەکە. هەرچەندە هەوڵ بۆ دواخستنی دەدرا بەڵام رۆژی سێشەممە (12ـی کانوونی یەکەمی 2023) دادگای باڵای فیدراڵی ئەو دوو سکاڵایەی رەتکردەوە کە داوایان کردبوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوابخرێت.