بەهۆی شکانی بۆری ئاوی بێخاڵ نزیکەی 14 شوێن لە سۆران بێ ئاوبوون

فــــــــــۆتۆ: هەوراز ماهیر
فــــــــــۆتۆ: هەوراز ماهیر

K24 - هەولێر

دوێنێ یەکشەممە، بەهۆی کەوتنە خوارەوەی هەندێک بەرد، بۆری ئاوی بێخاڵ کە ئاو بۆ بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی ئیدارەی سۆران دەگوازێتەوە شکا.

تەحسین عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتی ئاوی سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوێنێ دوای کەوتنە خوارەوەی بەردێکی زۆر و شکانی بۆرییەکە ئەمڕۆ تیمەکانمان هاتوون بۆ چاکردنەوەی بۆرییەکە کە هەوڵێکی زۆر دەدەین ئەمڕۆ چاکی بکەینەوە.

گوتیشی: نزیکەی 14 شوێن بەهۆی شکانی بۆڕییەکە بێ ئاوبوون، هەوڵێکی زۆر دەدەین ئەمڕۆ ئاوەکە بگەیێنینە هاووڵاتیانی خۆمان.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەوبارەیەوە راگەیاند، کێشەی ئاو بابەتێکی سەرتاسەرییە لە هەرێمی کوردستان، گوتیشی: سەبارەت بە سۆران ئەو تۆڕە ئاوییانەی پیشتر بۆ ماڵەکانی سۆران دانراوە ئێستا بەشی هەموویان ناکات، چونکە سۆران زۆر بەخێرایی فراوان بووە.

دەشڵێت: پلانی ستراتیژیمان هەیە بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی ئاو و زیادکردنی تۆڕەکانی ئاو بۆ ئەو ناوچانەی تازە دروستکراون، هەروەها یەکێک لەبەرنامەکانی حکومەت دروستکردنی پۆندە، ئەمەش نەک تەنها بۆ ئاوی خواردنەوەم بەڵکو بۆ بابەتی گەشتیاری و کشتوکاڵیش سوود لەو ئاوە وەربگرین.