پارتی و یەکێتی لە کەرکووک کۆدەبنەوە
شاندێکی یەکێتی لە کەرکووک سەردانی لقی سێی پارتی دەکات
K24 – کەرکووک
ئەمڕۆ شاندێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکووک سەردانی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، گفتوگۆ لەبارەی پۆستەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەن.
سۆران کامەران پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، شاندەکەی یەکێتی لەلایەن رەوەند مەلا مەحموود لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک سەرۆکایەتی دەکرێت، هەروەها شاندی پارتی لەلایەن محەممەد کەمال بەرپرسی لقی سێ سەرۆکایەتی دەکرێت.
ئەمە یەکەم دیدار و کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتیە لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان. بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، یەکێتی دەیەوێت گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەست پێبکات، بە مەبەستی بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، داوای لە پارتی کردووە پاڵپشتی بکات، بەڵام تائێستا هیچ رێککەوتنێک لەنێوان پارتی و یەکێتیدا نییە بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستەکانی پارێزگای کەرکووک بەتایبەتی پۆستی پارێزگار.
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک یەکێتی پێنج کورسی بەدەستهێناوە، کورسییەکی کریستیانەکانیش بە هی خۆی دەزانێت بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگار، بەڵام پێویستی بە سێ کورسی دیکە هەیە.
پەیامنێری کوردستان24 راشیگەیاند، یەکێتی پێشتر سەردانی حزبی شیوعی کوردستانی کردووە و بڕیارە سەردانی لایەنە کوردستانییەکانی دیکەش بکات، دەیەوێت بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار کۆدەنگییەک هەبێت، بەڵام تائێستا هیچ رێککەوتن و لێک تێگەیشتنێک نەهاتووەتە ئاراوە.
رۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە 15 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمسیۆن رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 41%، کە شەش ملیۆن و 599 هەزار و 668 دەنگدەر روویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد، لە دوای 18 ساڵ خەڵکی کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا دەنگیاندا، ئێستا کەرکووکییەکان چاوەڕێی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێین لە شارەکە بۆ ئەو دۆخەی شارەکە ئاسایی بکرێتەوە کە لە دوای 16 ئۆکتۆبەری 2017ـەوە هاتووەتە ئاراوە و پارێزگارێکی سەپێندراو ئیدارەی شارەکە بەڕێوەدەبات.