وەزارەتی کار: نابێت مووچەی کرێکار لە 350 هەزار دینار کەمتر بێت

K24 - هەولیر
گوتەبێژی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کرێکار لە هەر شوێنێک مووچەی لە 350 هەزار دینار کەمتری پێبدرێت دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات، کۆمپانیا یان خاوەنکار سزادەدرێت.
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، بە کوردستان24ـی گوت: "بەپێی بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، نابێت مووچەی کرێکاران لە 350 هەزار دینار کەمتر بێت، لە هەر حاڵەتێکدا ئەگەر لەو مووچەی لەو بڕە کەمتری پێدرا، دەبێت کرێکار سکاڵا تۆمار بکات، کاتێک لیژنەکانمان دەچنە ئەو شوێنانە زۆربەی کرێکاران ناوێرن پێمان راگەیەنن، ناڵێت من ئەو بڕە پارەم هەیە یاخود ئەو بڕە پارە وەرناگرم، هەندێکجار رێککەوتن هەیە لەنێوان کرێکار و خاوەنکارەکەشدا، کرێکار خۆی بەوە رازیبووە و قبووڵی کردووە".
گوتیشی: "هەر کۆمپانیایەک پابەندی بڕیارەکە نەبێت، ئێمە لای خۆمانەوە گرێبەست و مۆڵەتی بۆ نوێناکەینەوە، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، هەتا دەتوانین لە دادگا سکاڵایان لێبکەین، بەڵام کە تۆ سکاڵاکار نەبێت ناتوانین زۆر لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکەین، زۆرجار لیژنەکان دەڕۆنە لای کرێکارەکان دەڵێن: کێشەتان چییە؟ وەڵامیان ئەوەیە: هیچ کێشەیەکمان نییە، ئێمەش ناتوانین فشارییان لێبکەین، بۆیە هەندێک جار کێشەکە کرێکارەکان خۆیانن، لە ترسی دەرکردنیان لەسەر کارەکەیان هیچ قسەیەک ناکەن".
ئاریان ئەحمەد، راشیگەیاند: "زۆربەی مۆڵەکان مووچەکەیان 285 هەزار بوو، بەڵام ئێمە کردمان بە بڕیار بەشێک لە کۆمپانیاکان خۆیان پەیوەندییان پێوەکردین و بڕیارەکەیان جێبەجێکردووە".
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پشتیوانیکردنی کرێکاران و کەرتی تایبەت، پرۆسەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران گەشەی پێدراوە و تاکوو ئێستاش 144 هەزار و 930 کرێکار دەستەبەر کراون.
بە دوو یاسا پارێزگاری لە مافی کرێکاران دەکرێت، یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە 39ی 1971 و یاسای کاری ژمارە 71ی ساڵی 1987.
بەپێی یاسا بەرکارەکان، تەمەنی خانەنشینیی پیاوان، 20 ساڵ خزمەت و 60 ساڵ تەمەنە، بۆ ئافرەتانیش 20 ساڵ خزمەت و 55 ساڵ تەمەن دیاریکراوە، تاکو ئێستا 880 کەس خانەنشینی وەردەگرن.
ئا: لاڤین عومەر