سەردار بیبانی: پشتیوانی لە بیرۆکەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەین بۆ دروستکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان

K24-هەولێر:
سەرمایەدارێکی هەرێمی کوردستان خواستی خۆی نیشاندا لەوەی، هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بن لە ئاسانکردنی ژیانی هاووڵاتیان و دروستکردنی پەیوەندییەکی باشی بازرگانیی لەنێوان هەوڵیر و بەغدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە (10ی کانوونی دووەمی 2024)، 47 هەمین پیشانگای نێودەوڵەتی بەغدا کرایەوە کە لە 20 وڵاتەوە نزیکەی 850 کۆمپانیا بەشدارییان تێدا کرد، نزیکەی70 کۆمپانیای کوردستانیش بەشداریی پیشانگایەکیان کردووە بڕیارە 10 رۆژ بەردەوام بێت.
سەرمایەداری کوردستان سەردار بیبانی کە بەشداریی پیشانگاکەی کردووە، بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، گۆڕانکارییەکی گەورە هاتۆتە پێش و پێویستە سوود لەو گۆڕانکارییە وەربگیرێت، دەڵێت: بەشداریی کۆمپانیاکانی ناوخۆ ئەمساڵ بە بەراورد بە سالانی پێشوو زۆر باشترە لە پیشانگاکە، دەشڵێت: بوونی ئەو سەرمایەدارانە لە بازاڕێکی وەکو عێراق پێویستە، لەبەر ئەوەی دەکرێ بازرگان و سەرمایەدارەکان بیر لەوە بکەنەوە، ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە کە بۆ کار و بازرگانیی لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە.
سەردار بیبانی پێی وایە، بازاڕی عێراق کراوەتەوە و گەورە بووە، گوتی: پشتیوانی لە بیرۆکەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی دەکەین لەوەی ئەو هاوبەشییە لەنێوان هەردوولا دروستبکەین و کۆمپانیاکانی عێراقیش بێنینە کوردستان بۆ کار و بازرگانیی، ئەگەر بەیەکەوە کار بکەین، گەشانەوەیەکی زیاتر بەدی دێت.
ئەو سەرمایەدارە گوتی: پشتیوانی لەهەر بڕیارێکی حکومەت دەکەین کە ئاسانکاریی لە ژیانی هاووڵاتیان دروستبکات، چونکە ئێمە دەمانەوێت هاوکاریی حکومەت بین، دەمانەوێت هەرزانی بۆ خەڵکی بێتە دی، ژیان لە ئاستی بژێوی خەڵک و داهاتەکەی بێت.