کاسبکارانی هەولێر بۆ پشتیوانییەکانی سەرۆکی حکومەت دڵخۆشی دەردەبڕن
K24 – هەولێر
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی کانوونی دووەمی 2024، بەشێک لە کاسبکاران لەناو بازاڕی هەولێر دڵخۆشی خۆیان دەربڕی بۆ پشتیوانییەکانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیران، رایگەیاند: لە هیچ کەس و لایەنێک قبوڵ ناکەم دەست بۆ خەڵکی کاسبکار و هەژار ببات.
کاسبکارانی هەولێر وێڕای دڵخۆشی خۆیان بۆ ئەو پشتیوانییەی سەرۆکی حکومەت، کە پاڵپشتییەکی بەهێزە بۆ ئەوەی رێگری لە کار و کەسابەتیان نەکرێت، لەناو بازاڕ شیرینیان دابەشکرد.
یەکێکلە کاسبکارەکان بە کوردستان24ی گوت: "زۆر دڵخۆشین بە پشتیوانی سەرۆکی حکومەت بۆ ئێمەی کاسبکار کە لەناو بازاڕی هەولێر کە لەسەر عارەبانە و مێز کەلوپەل دەفرۆشین".
کاسبکارێکی دیکە دەڵێت: "ئەو بڕیارەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەرژەوەندی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتە، ئەوانەی لێرە کاسبی دەکەن هەموو ئەو کەسانەن کە توانای ئەوەیان نییە دوکان و باڵەخانە بە کرێ بگرن، بۆیە لەسەر عارەبانە و مێز شتەکانمان دەفرۆشین، دەستخۆشی لە سەرۆکی حکومەت و هەموو بەرپرسانی هەولێر دەکەین".
یەکێکی دیکە لە کاسبکارانەی هەولێر دەڵێت: "سەرۆکی حکومەت دەزانێت کە ئێمە لە کەشی سارد و گەرم لەسەر عارەبانە و مێز کەل و پەل دەفرۆشین و دەمانەوێت کەسابەتێک بکەین، بۆیە بەو بڕیارە پاڵپشتی لە ئێمە دەکات، سەرۆک حکومەتایەتی و برا گەورایەتی وەکو کاک مەسرور دەکرێت".
لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیران مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: " لە هیچ کەس و لایەنێک قبوڵ ناکەم دەست بۆ خەڵکی کاسبکار و هەژار ببات، بۆیه پەلاماردان و سوکایەتیکردن بە خەڵکی هەژار لەژێر ناوی رێگری لە زیادەڕۆیی قبوڵ ناکرێت".
سەرۆکی حکومەت، راشیگهیاند: "ئەگەر لایەنە ئیدارییەکان ویستیان زێدەڕۆیی رابگرن، دەبێت پلانی دیکەیان بۆ ئەو کەسانە هەبێت، كه نانییان لەسەر ئەو ئیشەیە و هاوکارییان بکەن و شوێنێکی باشتر و گونجاوتر لەوەی خۆیان پێبدرێت".