خالید عوبەیدی: كاتی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ دیاركراوە
"ھەماھەنگیمان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان زۆرباشە"
K24 – ھەولێر
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە مەخموور خالید عوبەیدی وەزیری بەرگری عێراق رایگەیاند، كاتی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ دیاركراوە، ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد ھەماھەنگیمان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان زۆرباشە.
وەزیری بەرگری عێراق راشیگەیاند: "لە شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ پێشمەرگە لەژێر فەرمانی سوپای عێراق دەبێت و ھاوپەیمانان بۆ ھەموو ھاوكارییەكی سەربازی ئامادەن".
عوبەیدی ئاشكرای كرد: "ئۆپەراسیۆنەكانی شەڕی دژی داعش بە باشی بەڕێوەدەچن، ئەمڕۆ جزیرەی خالدیە كۆنتڕۆڵ دەكرێتەوە".
لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وەزیری بەرگری عێراق رایگەیاند: "ئامادەكارییەكانی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی نەینەوا تەواوكراون و تا ئێستا 16 گوند لە سنووری نەینەوا رزگاركراون".
لەبارەی بانگێشتكردنی لە لایەن دادگای عێراق خالید عوبەیدی گوتی: "دادگا ھەر بڕیارێك بدات جێبەجێی دەكەم".