هاووڵاتییان: ئاسانکارییەکانی حکومەت بۆ نانەواخانە و سەموونخانەکان، نرخی نان و سەموونی هەرزان کردووە

K24 – هەولێر:
بە گوێرەی بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێویستە لەمەودوا لە هەموو نانەواخانە و سەموونخانەکانی هەرێمی کوردستان نرخى هەر (10) نان و سەموون بە (1 هەزار دینار)، لەمبارەیەوە هاووڵاتییان و خاوەن سەموونخانە و نانەواخانەکان پێشوازی لە بڕیارەکە دەکەن، ئەوان دەڵێن: "بڕیارەکە لە بەرژەوەندی هەردوولادایە، هەم هاووڵاتییان سوودمەند بوون، هەم خاوەن سەموونخانە و نانەواخانەکان سوودمەندن بەوەی کە نرخی گاز و ئاردییان بۆ هەرزانکراوە".
رۆژی (4ـی کانوونی دووەمی 2024)، نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەوە، لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، 10 نان و سەموون کە نابێت کێشیان لە 90 گرام کەمتر بێت، بە هەزار دینار بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە و، دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری بازرگانی دەرکراوە.
لە بەرامبەردا هاووڵاتییان دڵخۆشن بە جێبەجێکردنی بڕیاری ههرزانكردنی نان و سهموون و وەک خۆیان دەڵێن: "ئاسانکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ نانەواخانە و سەموونخانەکان نرخی نان و سەموونی هەرزان کردووە".
هاووڵاتییان سەرنجیان بۆ ئەوەش راکێشا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردەوام پاڵپشتی لە خەڵکی کەمدەرامەت و کاسبکار دەکات".
حکومەت، لە بەرامبەر جێبەجێکردنی بڕیاری هەرزانکردنی نان و سەمون، وەک پاڵپشتی لیتری غازی شل بە 300 دینار بە خاوەن سەمونخانە و نانەواخانەکان دەدات، کە پێشتر یەک لیتر بە 600 دینار بووە، لەگەڵ لێخۆشبوون لە کرێی کارەبا بە رێژەی 50%.
جگە لە غاز، ئاردیش کە خاوەن نانەوخانە و فڕنەکان هەر فەردەیەکی بە 34 هەزار دینار دەکڕن، حکومەت لە ئێستادا بە 29 هەزار پێیانی دەدات، لەگەڵ کڕینی هەر تۆنێک ئاردیش، فەردەیەک ئارد بێبەرامبەر پێیان دەدرێت. لیژنەکانی قایمقامییەت و چاودێری بازرگانی بازاڕ چاودێری کوالێتی ئاردەکە دەکەن.
بە گوێرەی بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێویستە لەمەودوا لە هەموو نانەواخانە و سەموونخانەکانی هەرێمی کوردستان نرخى هەر (10) نان و سەموون بە (1 هەزار دینار)، هەر سەموونخانە و نانەواخانەیەکیش پابەندی بڕیارەکە نەبێت، رێکاری یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر و دادەخرێت.