بەشێك لە هاووڵاتییانی عێراق مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە وڵاتەکەیان بە گرنگ دەزانن

ناوجەی سەوز لەبەغدا
ناوجەی سەوز لەبەغدا

K24 – بەغدا:

حکومەتی عێراقی هەڵمەتێکی راپرسی راگەیاندووە و شەش ملیۆن کورتە نامەی بۆ هاووڵاتییانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ناردووە و بۆچوونیان وەردەگرێت و دەپرسێت: ئایا لەگەڵ مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانی لە عێراق؟ لە بەرامبەردا، ژمارەیه‌ك هاووڵاتیش وەڵامی هەمان پرسیار دەدەنەوە بۆ کوردستان24 و بەگرنگی دەزانن هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکییەکان لە عێڕاق بمێننەوە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکە.

لە نوێترین راپرسیدا، ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێڕاق شەش ملیۆن کورتەنامە بۆ هاوڵاتیانی ناوەڕاست و خواروی دەنێرێت و دەپرسن ئایا لەگەڵ مانەوە و درێژەدانی بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانانی لە ناو خاکی عێڕاق ، کوردستان24 هەمان پرسیار لە هاووڵاتییان دەکات، بەشێک لە هاووڵاتییان مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە تایبەتی ئەمەریکییەکان بە گرنگ دەزانن، تەنانەت پێیان وایە‌ لایەنە کوردستانییەکان و سووننە و بەشێک لە شیعەکانیش بەهەمان شێوە نایانەوێت هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بکشێنەوە چونکە دواجار بە دەرچوونی ئەوان دۆخی ئەمنی عێراق تێکدەچێت و داعش سەرهەڵدەداتەوە.

هاووڵاتی ستار عیساوی دەڵێت: "چەند دەنگیکی نامۆ هەیە دەڵێن با ئەمریکییەکان لە عێراق بکشێنەوە، لە بەرژەوەندی برایانمان نییە لە هەرێمی کوردستان هێزەکانی ئەمەریکا بکشێنەوە، هەروەها سووننەکان و بەشێک لە هێزە شیعەکانیش دژی دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکان، کەواتا کوا دیموکراتیەت لەعێراق کوا هەڵوێستی فەرمی حکومەت و پەرلەمان".

هاووڵاتی موهرە خەڵەفیش دەڵێت: "ئێمە سوپاسی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەین کە هاوکاری سوپای عێراقیان کرد لە کاتی سەرهەڵدانی شەڕی داعش، من لەگەڵ مانەوەی ئەمریکییەکانم لەپێناو پاراستنی ئەمنیەتی عێراق، بە هەموو شێوەیەک دژی ئەوانەم کە دەڵێن دەبێت هێزەکانی ئەمەریکا بکشێنەوە".

لەلایەن خۆیەوە هاووڵاتی محەممەد ساتع دەڵێت: "من لەگەڵ مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکام لە عێراق چونکە تا ئێستا وەزارەتی بەرگری عێراق نەیتوانیوە پارێزگاری لە سنوور و خاک و ئاسمانی عێراق بکەن، بۆیە ئەگەر ئەوان توانای پاراستنی ئەمنییەتی عێراقیان هەیە، ئەو کات داوای کشانەوەی هاوپەیمانان و ئەمەریکییەکان بکەن".

پەرلەمانتارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی سەرقاڵی کۆکردنەوەی ئیمزان بۆ هەموارکردنەوەی رێککەوتنی هێزەکانی هاوپەپمانان و حکومەتی عێراقی کە ساڵی 2014 لەنێوان هەردوولا ئیمزاکرا بۆ ئەوەی هاوپەیمانان هاوکاری عێراق بکەن بۆ لە ناوبردنی داعش و پاراستنی عێراق لە تیرۆر، پاش کەمبوونەوەی کاریگەریەکانی داعش و هێرشە دژبەیەکەکانی گروپەکانی حەشد و ئەمریکییەکان، هێزە شیعیەکان کار بۆ ئەوە دەکەن هێزەکانی هاوپەمانان بە گشتی و ئەمریکییەکان بەتایبەتی دەست بەکشانەوە بکەن.

لەلایەن خۆیەوە، عامر جەبار، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24 گوتی: "ئێمە دژی هێرشەکانی ئەمەریکاین لە عێراق، دژی بۆردومانی حەشدی شەعبین هەر لەبەرئەوەیە داوای دەرکردنیان دەکەین، تەنانەت دژی بۆردومانی هەرێمی کوردستانیشین لە لایەن ئێران و تورکیاوە و دژی دەستدرێژیەکانی کوێتیشین بۆ سەر ناوچەی خۆر عەبدوڵڵا چونکە ئێمە سوێندمان خواردووە کە پارێزگاری لە خاکی عێراق بکەین".