نەوتی عێراق رێژەی بەرهەمی ئۆپێک بەرزدەکاتەوە

K24 - هەولێر

بەپێی راپرسی پلاتس، بەهۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق، بەرهەمی ئۆپێک لە ساڵی رابردوودا زیادیکردووە.

ئاژانسی ئێس ئاند پی گلۆبال پلاتس بڵاویکردەوە، ئۆپێک بۆ نەوتی خاو، لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا بە رێژەی 130 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 42.73 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق و لەگەڵ گەورەترین بەرهەمهێنەرانی گرووپی ئەفریقی.

ئاماژەی بەوەشداوە، 13 وڵاتی ئەندامی ئۆپێک رۆژانە 27.98 ملیۆن بەرمیل نەوتیان بەرهەمهێناوە، ئەمەش بەراورد بە مانگی نۆڤەمبەر 160 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیادیکردووە، 10 هاوپەیمانەکەی لە دەرەوەی ئۆپێک کە رووسیا سەرۆکایەتی دەکات، رۆژانە 14.75 ملیۆن بەرمیل رۆژانە بەرهەمهێناوە، کە لە ماوەی مانگێکدا 30 هەزار بەرمیل کەمیکردووە.

هەروەها لە راپرسییەکەدا دەرکەوتووە کە گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری ئۆپێک، کە عەرەبستانی سعوودیە، سەرکردایەتی هاوپەیمانییەتی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرهەمهێنان کردووە، بەردەوامە لە هێشتنەوەی بەرهەم لە نزمترین ئاستی خۆیدا، ئەمە لە دوای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا و لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا 8.95 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بووە، لە کاتێکدا رووسیا بەرهەمهێنانی بە 9.43 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا جێگیرکرد، بەپێی رێککەوتنی ئەم دواییەی ئۆپێک پڵەس، هەردووکیان لە خوار رێژەی بەرهەمهێنانەوەن.

راشیگەیاند، عێراق لە رۆژێکدا 60 هەزار بەرمیلی زیادیکردووە، زیادبوونی بەرهەمهێنانەکەش لە هەرێمی کوردستانەوە بووە، هەروەها بەکارهێنانی نەوتی خاوی ناوخۆ بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بووە، لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا بەرهەمهێنانی عێراق چوار ملیۆن و 350 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، ئەمەش زۆر لە سەرووی پشکەکەیەوە بووە، کە 4.22 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بووە.

ئا: لاڤین عومەر