عەبدولخالق بابیری: ئەمساڵ وەزارەتی پێشمەرگە دەبێتە خاوەنی شەش فیرقە
K24-هەولێر:
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، دروستکردنی دوو فیرقەی دیکەی وەزارەتی پێشمەرگە لە قۆناغی کۆتاییدایە، بڕیارە لە ساڵی 2024 وەزارەتی پێشمەرگە ببێتە خاوەنی شەش فیرقە.
ئەمڕۆ یەکشەممە(14ی کانوونی دووەمی 2024)، عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی بەربەستە سیاسییەکان بە کوردستان24ی راگەیاند: هەرچەندە بەربەستی سیاسیی هەیە، بەڵام لە 90٪ ئەو بەرنامەیەی بۆ چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە لە ساڵی 2023 داندراوە، جێبەجێکراوە.
پێویستە تا کۆتایی ساڵی 2025، هەموو هێزی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا بن، تا ئێستا 26 لیوا لە یەکەی 80 و 70 خراونەتە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ئەوەی رێکخستن و ئاراستەکردنیان ئاسان بێت، دەخرێنە نێو چەند فیرقەیەکەوە، ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە خاوەنی دوو فیرقەیە، فیرقەی سێ و چواریش لە قۆناغی کۆتاییدان، بۆ ساڵی 2024 یش دەبێت پێشمەرگە ببێتە خاوەنی شەش فیرقە.
عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کرد، داخوازی ئەوان ئەوەیە، بۆ پرۆسەی چاکسازیی و ریککەوتنەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، تەواوی لایەنە سیاسییەکان هاوکار بن، هەردوو سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشت و هاریکاری سەرخستنی ئەو پرۆسەیەن زۆر بەرژدی.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە تیشکی خستە سەر ئەوەی، ساڵی 2023، زۆرینەی خاڵەکانی جێبەجێکردنی پرۆسەری یەکخستنی هێزی پێشمەرگە جێبەجێکراون ، بەرای ئەویش لە ساڵی تازەدا تەواوی خاڵەکان جێبەجێدەکرێن.
ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامانجی هاوپەیمانانە، پێشمەرگە لە یەک ریزبن و یەک سەرکردایەتیان هەبێت، داواش دەکرێت بەربەستە سیاسییەکان لە یەکخستنی هێزی پێشمەرگە لابدرێن.
شارەزا و پسپرێکی بواری سەربازیی ئاماژە بەوە دەکات، هەربەربەستێکی سیاسیی و لاوەکی هەبێت ئەگەر ناوەخۆیی یاخود دەرەکی بێت، پێویستە وەلا بنرێن، چونکە یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە تاکە چارەسەرە بۆ ئەوەی بتوانین کوردستانێکی یەکگرتوو و بەهێز دروستبکەین.