عێراق بە پاڵپشتی 7 یاریزانی كورد یەكەمین یاریی لە جامی ئاسیا دەكات

خیسۆس كاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق
خیسۆس كاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق

هەڵبژاردەی عێراق لە یەکەم یاری خۆی لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا، رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئیندۆنیسیا دەبێتەوە، حەوت یاریزانی کورد بانگهێشتی هەڵبژاردەی شێرەکانی رافیدەین کراون، دوایین یاریزانی كورد كە پەیوەندی بەو هەڵبژاردەیە كردووە ئاكام هاشمی یاریزانی كوردی یانەی هەولێر بوو.
لە یەكەمین یاریی لە كۆمەڵەی چوارەمی جامی نەتەوەكانی ئاسیا، هەڵبژاردەی عێراق سبەی دووشەممە كاتژمێر 05:30ـی ئێوارە رووبەڕووی ئیندۆنیسیا دەبێتەوە.
خێسۆس کاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، چەند رۆژێک پێش دەستپێکردنی جامی نەتەوەکانی ئاسیا، ئاکام هاشم بەرگریکاری یانەی هەولێری لە شوێنی ئەمجەد عەتوان یاریزانی یانەی زاخۆ بانگهێشت کرد، بەرگریکارە کوردەکەی عێراق، جاری یەکەمە بانگهێشتی هەڵبژاردەکە دەکرێت.
بێجگە لە ئاکام هاشم، پێنج یاریزانی دیکەی کورد بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کراون، ئەوانیش بریتین لە مێرخاس دۆسکی، ئۆسامە رەشید، ئاڵان محێدین، یوسف ئەمین، رێبین سۆلاقا و ئەحمەد عەلی، ئەو شەش یاریزانە لە خولە جیاوازەکانی ئەوروپا یاریی دەکەن.
ئۆسامە رەشید یاریزانە كوردەكەی یانەی ڤیزێلای پۆرتوگالی، هاوشانی خیسۆس كاساس بەشداریی لە پرێس كۆنفرانسی پێش یارییەكەیان بەرامبەر ئیندۆنیسیا كرد.
ئوسامە كە لە خانەوادەیەكی كوردی شاری كەركووك لە دایكبووە رایگەیاند ئەو یارییە لە ڕادەبەدەر بۆ ئەوان گرینگە، دەشڵێت: پێموایە ئەم یارییە ئاسان نابێت و مەترسیشمان لەسەر دەبێت، ئێمە هەموو یارییەک بۆ بردنەوە دەكەین و ئەم یارییەش دەبێت زۆر ئامادەبین بۆ بردنەوە، ئێمە پێشتر لە بەسرە بەرامبەر ئیندۆنیسیا یاریمان کردووە و سەرکەوتنمان بەدەستهێنا، هەرچەندە یارییەکەمان بە ئەنجامێکی گەورە بردەوە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە کە ئەوان هەڵبژاردەیەکی باش نین و ئێمەش بردنەوەمان مسۆگەرە''.
ئوسامە جەختی لەوەش كردەوە كە متمانەی بەو نەوە نوێیەی ئێستای هەڵبژاردەی عێراق هەیە ئەنجامی دڵخۆشكەر بەدەستبهێنن، دەشڵێت: پێویستە زۆربەباشی هەڵسەنگاندن بۆ هەڵبژاردەكان بكەینەوە و رابردوو لەبیر بكەین و بە گەورە سەیری بەرامبەرەكانمان بكەین.
هەڵبژاردەی عێڕاق پێشتر 9 جاری دیکە بەشداری جامی نەتەوەکانی ئاسیای کردووە، باشترین ئەنجامیشیان لە ساڵی 2007 بوو، کاتێک لە یاریی کۆتایی توانیان، بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ وەڵام لە سعوودیە ببەنەوە و بۆ جاری یەکەم و کۆتایی ناسناوەکەیان بەدەستهێنا.

 

Fly Erbil Advertisment