ژمارەی قوربانییانی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر بەرزبووەوە

K24 – هەولێر:
بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی درەنگانی شەوی دووشەمەی سەر شاری هەولێر چوار هاووڵاتی سڤیل شەهید بوون و پێنجی دیکەش برینداربوون.
درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) چەند مووشەکێک ئاراستەی شاری هەولێر کران بەهۆیەوە چوار هاووڵاتی سڤیل شەهید بوون و پێنجی دیکەش برینداربوون، دواتر سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرپرسیارەتی خۆیان لە هێرشەکەی سەر شاری هەولێر راگەیاند.
لە راگەیەندراوی سووپای پاسداران هاتبوو، کە هێرشەکە بە مووشەکی بالیستی ئەنجامداوە و چەند ئامانجێکیان پێکاوە و پاساوی هێرشەکەشیان بۆ تۆڵەکردەوە لە هێرشەکەی ئەم دواییەی سەر وڵاتەکەی هێناوەتەوە.
ئازەر فارووق، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش دڵنیایی تەواو دەدەن بە هاووڵاتییانی هەولێر کە هەولێر بە تەواوی ئارامە و هیچ مەترسییەك لە ئارادا نییە.
پەیامنێری کوردستان24، هاوکات راشیگەیاند، چەند مووشەکێک بەر ماڵێک کەوتبوو کە لە ئاکامدا چەند هاووڵاتییەکی سڤیل شەهید و بریندار بوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024) ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەبارەت بەو هێرشانەی کە شەوی رابردوو کراونەتە سەر سنووری پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەولێر ئارامە و لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ هەر حاڵەتێک و ئەگەرێکی نەخوازراو و لەخزمەت هاووڵاتییان دەبن.