یۆنامی "بە توندی" سەرکۆنەی هێرشی سوپای پاسداران بۆسەر هەولێر دەکات
K24 - هەولێر
یۆنامی "بە توندی" سەرکۆنەی هێرشەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆسەر هەولێر دەکات و دەڵێت، هێرشەکان لەلایەن هەر لایەنێکەوە ئەنجام بدرێن، پێویستە بوەستێندرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 16-01-2024، نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) لە راگەیەندراوێکدا "بە توندی" سەرۆکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر شاری هەولێر کرد کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید بوون و بەشێکی دیکەشیان برینداربوون.
وەکو ئەوەی یۆنامی باسی کردووە، ئەو هێرشانەی ئاسایش و سەروەریی خاکی عێراق پێشێل دەکەن؛ لەلایەن هەر لایەنێکەوە بکرێن، پێویستە بوەستێندرێن.
یۆنامی لە راگەیەندراوەکەیدا بە پێویستی دەزانێت "نیگەرانییە ئەمنییەکان" لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەربکرێن "نەک هێرشەکان".
ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی کاتژمێر 11:30ـی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ناوچەیەکی جیاوازی شاری هەولێر. دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارییەتی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرت.
دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو: "کاتژمێر 11:30ـی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردوومان کرد."
وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا ئاماژەی پێ دراوە، بەهۆی هێرشەکەوە، "چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندروستیی هەندێ لە بریندارەکان ناجێگیرە".
لای خۆیەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد "هەڵوێستی توندیان بەرامبەر بەم پێشێلکارییەی دەکرێتە سەر سەروەریی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان هەبێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات "لەسەر ئەو ستەمکارییەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت بێنە دەنگ". گوتیشی، "لە رۆژانی داهاتوودا، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین لەپێناو کۆتاییهێنان بەم هێرشە دڕندانانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێ تاوانی کوردستان".