"هەولێر لە نێوان فەهد تاڵب و سەرهەنگ موحسین یەكێكیان هەڵدەبژێرێت"

فەهد تاڵب گۆڵپارێزی پێشووی یانەی قوە جەوییە و سەرهەنگ موحسین گۆڵپارێزی یانەی نەجەف
فەهد تاڵب گۆڵپارێزی پێشووی یانەی قوە جەوییە و سەرهەنگ موحسین گۆڵپارێزی یانەی نەجەف

یانەی هەولێر بە فەرمی هەوڵەكانی بۆ گەڕانەوەی سەرهەنگ موحسین دەستپێكردووە، بەڵام عیماد هاشمی راهێنەری گۆڵپارێزانی یانەی هەولێر هێشتا لە نێوان سەرهەنگ موحسین و فەهد تاڵیب خۆی یەكلایی نەكردووەتەوە و رەنگە لە چەند كاتژمێری داهاتوو یەكێكیان بە گۆڵپارێزی نوێی یانەی هەولێر هەڵبژێرێت.
دوای رۆیشتنی رێباز عەبدوڵڵای گۆڵپارێز لە یانەی هەولێر و دابەزینی ئاستی حوسێن جۆلی، یانەی هەولێر دەیەوێت گۆڵپارێزێكی نوێ لە گواستنەوەی زستانە بگوازێتەوە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24، ئیدارەی یانەی هەولێر 3 رۆژ لەمەوبەر پەیوەندییان بە سەرهەنگ موحسینی گۆڵپارێزی پێشوویان كردووە بۆ ئەوەی لەم قۆناغە سەختە بگەڕێتەوە یانەی هەولێر، ئیدارەی یانەكە بە كۆی دەنگ رەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر گواستنەوەی سەرهەنگ موحسین، بەڵام عیماد هاشمی راهێنەری گۆڵپارێزەكانی یانەی هەولێر هاوشانی سەرهەنگ موحسین بژاردەیەكی دیكەشی هەیە ئەویش فەهد تاڵیبی گۆڵپارێزی سێیەمی ئێستای هەڵبژاردەی عێراقە.
بەپێی ئەو سەرچاوانەی پێمانگەیشتووە ئیدارەی یانەی هەولێر لە نێوان سەرهەنگ موحسین و فەهد تاڵیب زیاتر پشتی گۆڵپارێزە كوردە دەگرن، بەڵام بەبێ رەزامەندی عیماد هاشم ناتوانن بڕیاری یەكلاكەرەوە بدەن، ئەمەش لە كاتێكدایە ئێستا فەهد تاڵیب بێ یانەیە و دوای ئەوەی لە خولی ئێرانی دوورخراوەتەوە.
فەهد تاڵب تەمەنی 29 ساڵە و بەشی زۆری كاروانی یاریكردنی لە یانەی قوە جەوییە تێپەڕ كردووە و بۆ ماوەی وەرزێكیش یاریی بۆ یانەی زەورا كردووە، هاوینی رابردووش پەیوەندی بە خولی ئێرانی كردووە، پێش ئەوەی وەرزەكەی تەواو بكات دوورخراوەتەوە و ئێستا گرێبەستی لەگەڵ هیچ یانەیەك نییە.
لە بەرامبەردا سەرهەنگ موحسین لە یانەی هەولێر دەركەوت و بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2001 درێسی تیپی تازەپێگەیشتووانی هەولێری پۆشی، دواتر هەموو ئاستەكانی ئەو یانەیەی تێپەڕاند و چوار ناسناوی خولی نایابی عێراقی لەگەڵ یانە گەورەكەی پایتەختی هەرێمی كوردستان بردەوە. دوای 20 ساڵ یاریكردن بۆ یانەی هەولێر لە هاوینی 2020 بە گریانەوە هەولێری جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی ئەمانەی بەغدا كرد، دوای چوار وەرز یاریكردن بۆ یانەكەی بەغدا لە هاوینی رابردوو پەیوەندی بە یانەی نەجەف كرد، پێشتر بۆ ماوەی 6 مانگ یاریی بۆ یانەی شورتەی بەغداش كردووە و ئێستا تەمەنی 37 ساڵە.

سەرهەنگ موحسین گۆڵپارێزی پێشووی یانەی هەولێر و ئێستای یانەی نەجەف
سەرهەنگ موحسین گۆڵپارێزی پێشووی یانەی هەولێر و ئێستای یانەی نەجەف