پارێزگاری دهۆک: هەرێمی کوردستان هەرگیز نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێک
K24 - هەولێر
پارێزگاری دهۆک دەڵێت، هەرێمی کوردستان هەرگیز نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هیچ وڵاتێک. جەختیش دەکاتەوە، "هێرشە تیرۆریستییە ترسنۆکانەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر هیچ پاساوێک هەڵناگرێت".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18-01-2024، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە گوتارێکدا لەمیانی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی بەرفراوانی خەڵکی دهۆک لە دژی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر، رایگەیاند، "بە توندی هێرشە تیرۆریستییە ترسنۆکانەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر و خەڵکی سڤیلی شارەکە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین کە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت".
پارێزگاری دهۆک لە گوتارەکەیدا سوپاسی حکومەتی عێراق، ئەمەریکا، فەرەنسا و هەموو ئەو وڵاتانەی کرد کە سەرکۆنەی هێرشە "تیرۆریستییەکەی" سوپای پاسدرانی ئێرانیان بۆ سەر هەولێر کردووە. جەختیشی کردەوە، "هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی سەقامگیرییە لە ناوچەکە و هەرگیز نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێک".
پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، "دەمانەوێت بە ئاشتی و ئازادی لەسەر خاکی خۆمان بژین. دەمانەوێت بە خۆشی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێمان بژین. هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە هەرگیز هەرێمی کوردستان نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئارامی و ئاسایش هیچ وڵاتێکی دراوسێ؛ بەڵکوو بەردەوام دەستی ئاشتیمان بۆ وڵاتانی دراوسێ درێژکردووە".
بە گوتەی پارێزگاری دهۆک، "بە درێژایی مێژوو بە چەندین شێواز هەوڵی بنبڕکردنی گەلی کورد دراوە، بەڵام هەموو هەوڵەکان شکستیان هێناوە و کورد هەر ماوە. دڵنیابن لەوەی نە هێرشی مووشەکی و نەهیچ جۆرە هێرشێکی دیکە ناتوانێت ئیرادەمان بشکێنێت و لە پارێزگاریکردن لە خاك و وڵاتەکەمان بەردەوام دەبین".
وەکو ئەوەی عەلی تەتەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی پێ دا، "بە درێژایی مێژوو بۆ هەموو لایەک روونبووەتەوە، هێندەی دوژمن زیاتر هەوڵی لەناوبردنی گەلی کوردی داوە، گەلی کورد بەهێزتر هەڵساوەتەوە و هەمیشە رووبەڕووی نەیارانی بووەتەوە. ئەو تۆمەتانەی بەرپرسانی ئێران ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکەن، لە بنەڕەتدا بێ بنەمان".
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18-01-2024، کاتژمێر 10:30، بە بەشداریی هەزاران هاووڵاتی؛ خۆپیشاندانی بەرفراوانی خەڵکی دهۆک لە دژی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون، دەستیپێکرد.
هاووڵاتییەکی عەرەب کە بەشداریی خۆپیشاندانەکەی کرد بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هەرێمی کوردستان جێگەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو پێکهاتە جیاوازەکانە و نامانەوێت بەردەوام لەلایەن وڵاتانی دراوسێییەوە بکرێتە ئامانج. داوامان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەوەیە، سنوورێک بۆ هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دابنێن بۆ ئەوەی چیدیکە خەڵکی سڤیل نەکرێتە قوربانی".
خۆپێشاندەرێکی دیکەش ئەوەی خستەڕوو، "هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارامە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەیانەوێت لە رێگەی ئەو هێرشانەوە، ئارامی و سەقامگیرییەکەی تێکبدەن. بۆ هەموو لایەک روونە، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها هەرێمی کوردستان ئارامە، دەیانەوێت ئەوەش نەهێڵن".